ئەنجوومەنی تالاسیمیا: 11 تووشبوو نێردراونەتە تورکیا بۆ نەشتەرگەریی چاندنی مۆخ
رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بودجەی ناردنەدەرەوەی 140 تووشبووی تالاسیمیا بۆ چاندنی مۆخ پەسندکراوە، ئەندامێکی لیژنەی زانستی و بەدواداچوونی تووشبووەکانیش دەڵێت: تەنیا ئەو تووشبووانە دەنێردرێنە دەرەوە کە تەمەنیان لەنێوان 3 بۆ 17 ساڵییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20-8-2025 د. محەممەد دەروێش، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و ئەندامی لیژنەی زانستی و بەدواداچوونی تووشبووانی تالاسیمیا بۆ ناردنەدەرەوەیان بۆ چارەسەر بە رووداوی راگەیاند، چاندنی مۆخ چارەسەرێکی هەمیشەیی تالاسیمیایە، تا تەمەنی تووشبووش کەمتر بێت، کاریگەر و سەرکەوتووتر دەبێت.
لەبارەی رێکارەکانی ناردنەدەرەوەی ئەو تووشبووانە گوتی، 140 کەس دەنێدرێنە سێ نەخۆشخانەی تورکیا و نەخۆشخانەیەکی هیندستان؛ 100ـیان بەخشەری مۆخیان بۆ دۆزراوەتەوە و 40 تووشبووەکەی دیکەش لەو وڵاتانە بەخشەریان بۆ دەدۆزرێتەوە.
د. محەممەد دەروێش دەڵێت: ''پڕۆژەکە لەماوەی دوو ساڵدا دەکرێت و کۆمەڵ بە کۆمەڵ دەنێدرێن، هەر تووشبوویەکیش 110 رۆژی پێدەچێت و تاوەکو بە تەواوی نەشتەرگەریی چاندنەکەی سەرکەوتوو نەبێت، نانێدرێتەوە هەرێمی کوردستان''.
هاوکات کۆچەر کەریم، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی تالاسیمیای هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەوە ئومێدێکە بۆ بەشێکی تووشبووانی تالاسیمیا، بەڵام پێویستە ئاوڕێکی جیدی لەو تووشبووانەش بدرێتەوە کە تەمەنیان تێپەڕیوە بۆ نەشتەرگەریی چاندنەکە.
بەگوتەی د. محەممەد دەروێش، ئەوانەی سەروو 17 ساڵن، دەشێت بە چارەسەری جینی بنبڕی تالاسیمیاکەیان بکرێت، بەڵام تێچووی زۆرە و رێوشوێنەکانی ئاسان نین، کۆچەر کەریمیش دەڵێت ''بەشی هەرە زۆری تووشبووان کە تەمەنیان تێپەڕیوە بۆ چاندنی مۆخ، پێویستە خزمەتگوزاری و کواڵیتیی دەرمانەکانیان باشتر بکرێن''.
بەپێی ئەنجوومەنی تالاسیمیای هەرێمی کوردستان، دوێنێ سێشەممە 19-8-2025 یەکەم کاروانی تووشبووان کە 11 کەس بوون بە بەخشەر و دایک و باوکیانەوە نێردراونەتە تورکیا.