لەنێو ژووری هەواڵی رووداو باسی پشتئێشە کرا؛ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان هۆکارێکە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی جومگە و رۆماتیزم رایدەگەیێنێت، ملئێشە و پشتئێشە لەنێو گەنجاندا زیادبوون و هۆکارەکەی بۆ نادروستی لە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەگەڕێتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 20-8-2025 د. چیمەن حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی جومگە و رۆماتیزم لە بووڵتەنی تەندروستیدا و لەنێو ژووری هەواڵی ئۆفیسی رووداو لە سلێمانی باسی شێوازی دانیشتنی دروستی کرد لەسەر کورسی و مێز و گوتی، ''باشترین دانیشتن ئەوەیە کە لەنێوان پشت و حەوزدا گۆشەی 90 دروستببێت و سەر و دەستەکان رێک بن و نەنووشتێنەوە''.
 
د. چیمەن حەسەن دەڵێت: دەکرێت کەسێک بەهۆی دانیشتنی زۆر، هەڵگرتنی قورسایی، پێڵاوی پاژنە بەرز و دووگیانبوونەوە تووشی پشتئێشە ببێت.
 
ئەو پسپۆڕە باسی هەڵەتێگەیشتنێک لەبارەی پشتئێشەوە دەکات کە گوایە ''پاڵپکەوتن باشە بۆ ئازاری پشت''، د. چیمەنیش دەڵێت، ''پاڵکەوتن هێز و توانا کەم دەکاتەوە و دەشێت بە ئازارشکێن پشتئێشە کەم ببێتەوە و ئیدی کەسەکە بجووڵێت، بەڵام نابێت ئەو کارانە بکات کە ئازار دروست دەکەن وەکو شوێنی خەوی ناڕێک، لەپێکردنی پێڵاوی پاژنەبەرز و هەڵگرتنی قورسایی زۆر''.