84 کەس لە کەرکووک بەهۆی خۆڵبارینەوە بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، بەهۆی خۆڵبارینەوە 84 کەس لە پارێزگای کەرکووک تووشی تەنگەنەفەسی بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
سامان یابە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە 20ی ئەیلوولی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو ژمارەیە لە نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە و دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست، دۆخی تەندروستیی زۆربەیان جێگیرە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک گوتیشی، هاونیشتمانی و هاووڵاتییەکان بەم شێوەیە بۆ نەخۆشخانەکان گوێزراونەتەوە:
نەخۆشخانەی فێرکاریی ئازادی: 35 کەس
نەخۆشخانەی فێرکاریی کەرکووک: 15 کەس
نەخۆشخانەی ژنان و منداڵان: 9 کەس
نەخۆشخانەی گشتیی داقووق: 10 کەس
نەخۆشخانەی گشتیی حەویجە: 4 کەس
کەرتی یەکەمی حەویجە (بنکەی تەندروستی): 11 کەس
دوێنێ هەینی 19ی ئەیلوولی 2025 عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خێرایی با لە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری وڵات چالاک بووە کە بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵی نێوخۆیی کە گەیشتووەتە" باشووری کوردستانیش.
گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی کرد، ئەمڕۆ کەشەکە ئاسایی بێتەوە.
هاوکات محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێ ئەم شەپۆلە تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەردەوام بێ و دواتر کۆتایی بێ."
محەممەد کەمال گوتیشی، "پلەی گەرما لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلی خۆڵبارینە بە چەند پلەیەک دابەزیوە" و ئیدی کەشی پاییزە باشووری کوردستان دەگرێتەوە.