دەرمانسازێکی کورد لە پێشانگەی تەندروستیی بەغدا: بڕیارە بەرهەمی نێوخۆیی دەرمان زیاد ببێت
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی کوردی دەرمانساز لەنێو پێشانگەی تەندروستی و پزیشکی لە بەغدا رایدەگەیێنێت، تەندروستیی عێراق پاڵپشتیی تەواوی کارگەکانی بەرهەمهێنانی دەرمان دەکات کە لە نێوخۆدا دەرمان دروستبکەن.
ئەمڕۆ شەممە 20-9-2025 دکتۆر هەوراز جەودەت، دەرمانساز و یەکێک لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە بە رووداوی رایگەیاند، "وەزارەتی تەندروستیی عێراق پشتگیریی کارگەکانی بەرهەمهێنانی دەرمان دەکات کە بەرهەمی نێوخۆییان زۆر بێت''. تەنانەت وەزارەتیش رایگەیاندووە، پاڵپشتی و ئاسانکاریی تەواوی ئەو کارگە و لایەنانە دەکەن کە دەرمان لە عێراقدا دروستدەکەن.
دکتۆر هەوراز جەودەت ئاماژەی بەوەشکرد کە دەرمانەکانی تایبەت بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە عێراقدا بە رێژەیەکی زۆر بەکاردەهێنرێن.
دکتۆر هەوراز جەودەت، هۆشداریشی دایە هاونیشتمانییان و رایگەیاند: "پێویستە پێش کڕینی دەرمان، دڵنیا ببنەوە لە بوونی ستیکەری فەرمی لەسەر پاکەتەکەی بۆ ئەوەی لە کواڵتی و سەلامەتییەکەی دڵنیا ببنەوە."
لە بەغدای پایتەختی عێراق، کارەکانی پێنجەمین کۆنفرانسی ساڵانەی تەندروستی و توێژینەوەی ئێکسپۆ بەردەوامە و بڕیارە سبەی (یەکشەممە) کۆتا رۆژی بێت.