جارێکی دیکە کۆمپانیای 'نەستەلە' تۆمەتبار دەکرێت بەوەی، شەکری زۆر لەنێو بەرهەمەکانیدا هەیە
رووداو - تەندروستی
ئەو کۆمپانیایەی کە شیری منداڵانی گیگۆز و نیدال بەرهەمدێنێت، کە لە هەرێمی کوردستانیش دەفرۆشرێن، جارێکی دیکە تۆمەتبار کرایەوە کە ئەو بەرهەمانەی لە ئەفریقا خستراونەتە بازاڕەوە، رێژەی شەکری زیادیان تێدابووە، کۆمپانیاکەش ئەو تۆمەتانەی بە بێبنەما ناوبرد.
رێکخراوی سویسریی (پەبڵیک ئای) کۆمپانیاکەی تۆمەتبارکردبوو بەوەی شەکری کردووەتە نێو ئەو بەرهەمانەی لە وڵاتانی کەمداهات فرۆشتوونی بۆ ئەوەی منداڵە ساواکانیان ئالوودەی خۆراکەکە بن، لە کاتێکدا لە وڵاتانی ئەورووپی هەمان ئەو بەرهەمانەی بە بێ شەکر فرۆشتووە.
بەڵام Nestle (نێستڵ)، گەورە کۆمپانیای سویسریی بواری خۆراک رەتیدەکاتەوە، لە وڵاتانی کەمداهات شەکری کردبێتە نێو شیر و سریلاکی منداڵانەوە.
کێشەکە لە کوێدایە؟
رێکخراوی (پەبڵیک ئای) دووەم جارە راپۆرتی لەم شێوەیە بڵاو دەکاتەوە و رەخنە لە بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیای شیرە دەگرێت، ئەمجارە دەڵێ، ''لەکۆی 100 بەرهەمی کۆکراوەی سریلاکی نێستڵ (نەستەلە) دەرکەوتووە، 90٪ـیان رێژەیەکی زۆری شەکری تێدایە''.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، بڕی شەکری زیادکراو شەش گرامە لە هەر بەرهەمێکی سریلاک، ئەمەش دوو هێندە زیاترە لەو بڕە زیادەی کە لە وڵاتی هیندستان دۆزرابووەوە، کۆمپانیای نەستەلەش دەڵێت، رێژەکان ستانداردە و رێژەی شەکر لە هەموو بەرهەمەکانی نێو بازاڕ کەمترە.
راپۆرتی رابردوو چی بوو؟
کۆمپانیای (پەبڵیک ئای)ـی سویسری مانگی نیسانی ساڵی رابردوو بڵاوی کردەوە، ''دوو لە پڕفرۆشترین بەرهەمە خۆراکییەکانی منداڵانی ساوا کە لە لایەن نێستڵەوە لە ولاتانی کەمداهات و مامناوەند فرۆشراون، ئاستێکی بەرزی شەکری زیادکراویان تێدایە، لە کاتێکدا ئەو بەرهەمانە لە وڵاتەکەی خۆیدا لە سویسرا، بێ شەکرن."
نێستڵ زۆر جۆر شیری وشکی منداڵان بەرهەمدێنێت، لەوانەش لابۆراتوار گیگۆز و نێستڵ نیدال، کە لە هەرێمی کوردستانیش دەفرۆشرێن.
کۆمپانیاکە دەڵێت، ئەو شیرە وشکەی تایبەت بۆ منداڵانی خوار 12 مانگ دروستکراوە، هیچ شەکرێکی زیادکراویان تێدا نییە. هەروەها باس لەوە دەکات، لە سەرانسەری جیهان، شەکری لە شیری منداڵانی تەمەن سەرووی یەک ساڵانیشدا کەمکردووەتەوە.
نێستڵ دەڵێت، "جۆرە جیاوازەکانی بەرهەمەکانمان بۆ ساوایان و منداڵانی بچووک، بە شەکر و بێ شەکر لە زۆر ناوچەی جیهان هەن، لە ئەوروپا و لە بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ئەمریکای باکووریش."