پزیشكێک رووخساری شێواوی گەنجێک چاک دەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

دوای ئەوەی گەنجێک تووشی رووداوێکی هاتووچۆ دەبێت و رووخساری بە تواوی دەشێوێت، پزیشکێکی پسپۆڕی جوانکاری بە سەرکەوتووی نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دەدات، رووخساری چاک دەکاتەوە.
 
د. کازم کەکە وەیس پسپۆڕی جوانکاری لە سۆران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مانگی پێنجی ئەمساڵ بوو، لە نەخۆشخانەی ئاشتی، تەلەفۆنم بۆ کرا کە منداڵێک بە رووداوی ئۆتۆمبێل دەموچاوی شێواوە و باری تەندروستیی خراپە، راستەوخۆ خۆم گەیاندە نەخۆشخانە."
 
بە گوتەی ئەو پزیشکە، رووداوەکە بەهۆی ئەوەوە بووە کە برایەکی بچووکی ئەو گەنجە چووەتە نێو ئۆتۆمبێل و لێیخوڕیوە، گەنجەکەش بۆ ئەوەی رێگری لە کارەساتێک بکات، خۆی خستووەتە بەردەم ئۆتۆمبێلەکە و خۆی کردووەتە قوربانی.
 
د. کازم کەکە وەیس دەڵێت، "کاتێک گەیشتمە سەری، بینیم رووخساری شێواوە و لاقیشی شکاوە. بردمانە ژووری نەشتەرگەری و لەگەڵ کارمەندانی نەخۆشخانەی ئاشتی، هەرچی پێویست بوو لە تواناماندا بوو بۆمان ئەنجامدا."
 
 د. کازم کەکە وەیس ئاماژە بەوەدەکات ئێستا باری تەندروستیی ئەو گەنجە جێگیرە و نەشتەرگەرییەکەی بە سەرکەوتوویی بۆ کراوە.