زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی هەمەدان: 12 تووشبووی ئەنفلەوەنزا گیانیان لەدەستداوە

رووداو - تەندروستی

سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی هەمەدان رایدەگەیێنێت، لە پارێزگای هەمەدان 12 تووشبووی پەتاکان دوای ئەوەی بە تووندی ئەنفلەوەنزایان گرتبوو، گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەهرۆز کارخانە ئای، سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی هەمەدان ئاشکرای دەکات، زۆرینەی ئەوانەی بە ئەنفلەوەنزا گیان لەدەستدەدەن، کێشەی تەندروستیی درێژخایەنیان هەبووە یاخود بەساڵاچوو بوون.
 
بەپێی سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی هەمەدان، لە زۆر تووشبوودا ئەنفلەوەنزا لێکەوتەی مەترسیداری دروستکردووە و بووەتە هۆی؛
 
- پەککەوتنی دڵ
- جەڵتەی دڵ و مێشک
- هەوکردنی پەردەی مێشک
- هەناسەتەنگیی تووند
 
بەپێی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، زیاتر لە 100 تووشبووی ئەفلەوەنزا لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و ئەم ساڵ رێژەی تووشبوون بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاترە.
 
بەم رێگەیانە خۆت لە ئەنفلەوەنزای وەرزی بپارێزە
 
1- شووشتنی دەستەکان بەمەرجێک زیاتر بێت لە 20 چرکە.
2- بەکارهێنانی مادەی پاکژکەرەوە بۆ سەر مێز و کەلوپەلەکانی دەوروبەرت.
3- بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدە بەتایبەت مزرەمەنییەکان.
4- رۆژانە ئاوی پێویست بخۆرەوە.
5- نزیک مەکەورەوە لە کەسی تووشبوو.
6- کەسانی تووشبوو لەکاتی کۆکە و پژمە کلێنکس بەکاربهێنن.
7- دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ.
8- هەواگۆڕکێ لەنێو ماڵدا هەبێت.
9- کوتان بە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی.
10-  دەرزیی تێکەڵە بەکارمەهێنە، چونکە بەرگریی جەستە لاواز دەکات.
11- بە ئاوی شلەتێن یاخود سارد خۆتبشۆ، چونکە بەرگریی جەستە بەهێز دەکات.