دامەزراوەیەکی کوردی 4.6 ملیۆن توێژینەوەی زانستی هەڵدەسەنگێنێت
رووداو - تەندروستی
بۆ یەکەمجار دامەزراوەیەکی قازانج نەویستی کوردی هەڵسەنگاندنی بۆ 4.6 ملیۆن توێژینەوەی زانستی کردووە و 10 باشترین توێژینەوەی لەسەر ئاستی جیهان دیاریکردووە.
ئەمڕۆ شەممە 20-12-2025 شڤان حوسێن، دامەزرێنەری رێکخراوی کەیساین، لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "پێوەرەکان بۆ هەڵبژاردنی 10 باشترین توێژینەوەی زانستی بریتییە لە پێوەری سناپەر کە تاکە پێوەرە هەڵسەنگاندنی بۆ توێژینەوە زانستییەکان پێ دەکرێت و پشت بە جۆری توێژینەوە، هێزی توێژینەوەکە و ئەو گۆڤارەی کە توێژینەوەکەی تێدا بڵاوکراوەتەوە دەبەستێت."
بە گوتەی شڤان حوسێن، دوو لە باشترین توێژینەوەکان لەلایەن دوو پزیشکەوە ئەنجامدراون و لەسەر دەرمانی بڕۆمۆکریپتین بووە.
دامەزرێنەری رێکخراوی کەیساین ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ جیاکردنەوەی گۆڤاری زانستیی باوەڕپێکراو لە گۆڤاری ساختە، پشتیان بە "لیستی کەیساین" بەستووە کە هەموو گۆڤارە بڕواپێکراوەکانی تێدا کۆکراوەتەوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە، وەک شڤان حوسێن باسی دەکات، بریتییە لە "هەڵسەنگاندن و بەهادان بە توێژینەوەکان و کردنی کوردستان بە بنکەیەک بۆ هەموو توێژینەوەکان." هەروەها دەشڵێت، "دەمانەوێت توێژینەوەی زانستی بە کولتوور بکەین."