توێژینەوەیەکی ئەمریکی: ئامێرەکانی وشککردنەوەی بۆیەی نینۆک مەترسیدارن

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی هاوبەشی نێوان دوو زانکۆ لە ئەمریکا دەریدەخات، ئامێری وشککەرەوەی بۆیەی نینۆک دەشێت ببێتەهۆی شێرپەنجەی پێست و تێکچوونی خانەکانی پێست.
 
زانکۆی کالیفۆرنیا و زانکۆی پیتسبۆرگ لە ئەمریکا ئاشکرای دەکەن، بەهۆی بەکارهێنانی تیشکی سەروو وەنەوشەیی UV لە ئامێری وشککردنەوەی بۆیەی نینۆکەکاندا، دەشێت هۆکارێک بێت بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی پێست.
 
دکتۆر لیودمێڵ ئەلیکساندرۆڤ، پسپۆڕی ئەندازیاریی زیندەیی و سەرپەشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''ئەگەر رێژەی تیشکی سەروو وەنەوشەیی لە ئامێرەکاندا زیادبکرێت، ئەوا دەبێتە هاندەرێک بۆ تێکچوونی خانەکانی پێست و دروستبوونی شێرپەنجە''، هاوکات دەشڵێت: پێویستە رێژەی تیشکەکە و بەکارهێنانی سنوورداربکرێن.
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، تیشکە زیانبەخشەکان بۆماوە مادەی نێو خانەکان تێکدەشکێنن، بەجۆرێک ئەگەر رۆژانە بۆماوەی 20 خولکە بەکاربهێندرێن ئەوا 70٪ـی خانە ئاساییەکان شێوەیان تێکدەچێت یاخود دەمرن. 
 
توێژینەوەیەکی گۆڤاری JAMAـی پزیشکی پشتڕاستیدەکاتەوە، بەکارهێنانی تیشکی سەروو وەنەوشەیی لە ئامێری وشککردنەوەی بۆیەی نینۆکی ئارایشتگەکان بووەتەهۆی شێرپەنجەی پێستی دەست و دەریدەخات، مەترسیی دروستبوونی شێرپەنجەکە لە خانمانی تەمەن سەروو 60 ساڵ زیاترە.
 
پەیمانگەی شێرپەنجەی هانتسمان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، تیشکی سەروو وەنەوشەیی ئامێرەکان بەراورد بە تیشکیی خۆر چوار ئەوەندە بەهێزترە، بەمەش مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست زیاتردەکات.