سەندیکای پزیشکان: نابێت پزیشک ناوی کۆمپانیای دەرمان لەسەر رەچەتە بنووسێت

رووداو - تەندروستی

سەندیکای پزیشکانی کوردستان-لقی سلێمانی، جارێکی دیکە پزیشکان ئاگادار دەکاتەوە کە بۆیان نییە لەسەر رەچەتەی چارەسەر، ناوی کۆمپانیای بەرهەمهێنی دەرمان بنووسن یان نەخۆش ئاراستەی دەرمانخانەیەکی دیاریکراو بکەن.
 
بەگوێرەی نووسراوێکی ئەنجومەنی سەندیکای پزیشکانی لقی سلێمانی هۆشداری دراوەتە پزیشکان و تێیدا هاتووە: "بەهیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە پزیشک لە رەچەتەی نووسینی چارەسەر ناوی کۆمپانیای دەرمان بنووسێت، وه به ‌هیچ شێوه ‌یه‌ک نابێت ناوی ده‌رمانخانه ‌دیاری بکات."
 
سەندیکا روونیکردووەتەوە، ئەو کارە "بۆ پاراستنی مافی چاره‌خواز بەپێی رێنماییەکانە" و هەر پزیشکێک سەرپێچی بکات، "رووبەڕووی لێپرسینەوەی ياسایی دەبێتەوە."
 
لەلایەن خۆیەوە، د. چالاک قەشانی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەو بڕیارە کۆنە، بەڵام هەموو ساڵێک بڕیارەکان نوێ دەکرێنەوە."
 
د. چالاک قەشانی، گوتیشی: "نابێت ناوی شەریکە بنووسرێت و نابێت دەرمانخانە دیاری بکرێت، دەبێت رەچەتە بە کۆمپیوتەر بنووسرێت، هەروەها پزیشک دەبێت یەک یەک نەخۆش ببینێت و هەر نەخۆشێک پێویستە چارەگێک (15 خولەک) لە ژوورەوە بێت."
 
هاوکات، سەرچاوەیەک لە سەندیکای پزیشکانی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند: "نزیکەی 80%ـی یاساکانی سەندیکا جێبەجێ ناکرێن، ئەگەرنا یاسای جوانمان هەیە."
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد: " تاوەکو ئێستا کەس سزا نەدراوە و کەس سزاش نادرێت، لەبەر باری دارایی یان ناسیاوییەوە یاساکان پێشێل دەکرێن و ئاسانکاری لە یاسا دەکرێت." گوتیشی: "پزیشک هەیە 3 نەخۆش بەیەکەوە دەکاتە ژوورەوە و دەیانبینێت، بەڵام بەهۆی ئاسانکارییەوە کەس لێپێچینەوەی لەگەڵ ناکات."