هەڕەمی خۆراکیی نوێ؛ زیاتر پڕۆتین بخورێت

رووداو - تەندروستی

دواین نوێکردنەوەی هەڕەمی خۆراکیی رۆژانەی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە پێشنیاز کرا و دەریدەخات، پێویستە زیاتر پڕۆتین بخورێت.
 
ئەو بڕە پڕۆتینییەی پێشنیاز کرابوو، 0.8 گرام بوو لە هەر کیلۆگرامێک کێشی جەستە، بەڵام ئەم رێژەیە بەرزبووەوە بۆ 1.2 بۆ 1.6 گرام بۆ هەر کیلۆگرامێکی کێشی جەستە. بۆ نموونە کەسێک کێشی 70 کیلۆگرام بێت، ئەوا رۆژانە پێویستیی بە 84 بۆ 112 گرام پڕۆتین دەبێت، بەڵام پێشووتر تەنیا 56 گرام پڕۆتین بوو.
 
ئەلیس لێختنشتاین، ئەندامی کۆمەڵەی دڵ لە زانکۆی تەفتسی ئەمریکا دەڵێت: تائێستا هۆکارەکەی روون نییە کە بۆچی هەڕەمەکە بایەخی زیاتری بە پڕۆتین داوە، بەڵام وەرگرتنی ئەو هەموو پڕۆتینە دەبێت وەرزشیشی لەگەڵدا بێت، ئەگەر نا کێشە بۆ جەستە دروستدەکات.
 
پڕۆتین لەمانە زۆرە؛
 
- گۆشتی سوور
- گۆشتی سپی
- هێلکە
- فاسۆلیا
- گوێز
- شیرمەنییەکان
- چەرەس
- پاقلەمەنییەکان
 
پسپۆڕان خواردنی پڕۆتین لە گەنجیدا و بەهێزکردنی ماسوولکەکان، بە سوودێکی یەکجار زۆر دادەنێن بۆ سەردەمی بەساڵاچوون، کە یارمەتدەر دەبێت لە باشترکردنی جووڵە و رێگریکردن لە کەوتن.
 
ئەم هەڕەمە چۆن گۆڕدرا؟
 
لە 7ـی ئەم مانگەدا رۆبەرت کێنێدی، وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمریکا هەڕەمی خۆراکیی گشتیی هەڵوەشاندەوە و رێنوێنیی نوێی لەبارەی پەیڕەوکردنی هەڕەمێکی خۆراکی نوێ دەرکرد، (جەختی زیاتر لەسەر پڕۆتین، شیرەمەنییەکان، چەوریی تەندروست، سەوزە، میوە و خۆراکی دانەوێڵەی تەواو) دەکاتەوە.
 
رێنوێنییە خۆراکییەکان بۆ ئەمریکییەکان هەر پێنج ساڵ جارێک دەنووسرێن و لە پڕۆگرامی دایەنگە، باخچە، قوتابخانە و زانکۆکاندا جێبەجێ دەکرێن، پاشانیش بۆ چێشتخانە و شوێنە گشتییەکان.