پسپۆڕێکی خۆراک چەند رێنوێنییەک لە مانگی رەمەزاندا دەدات

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی خۆراک رێنوێنی بۆ خۆراکی تەندروست لە مانگی رەمەزاندا دەدات و رایدەگەیێنێت، باشترین خۆراک بۆ رۆژووشکاندن، خورما و ئاوە و نابێت بە شەربەت رۆژوو بشکێندرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە 21-2-2026 د. رێبین رەجەب پسپۆڕی خۆراک لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند "باشترین خۆراک بۆ رۆژووشکاندن دەنکێک یان 2 دەنک خورمایە لەگەڵ 2 پەرداخ ئاو، نابێت بە شەربەت رۆژوو بشکێندرێت، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە قەڵەون."
 
سەبارەت بە ژەمی سەرەکیی دوای رۆژوو شکاندن، د. رێبین رەجەب پێشنیازی خواردنی برنج و پاستای قاوەیی بە رێژەیەکی کەم، قەرەخەرمان، ماسی، مریشک، گۆشتی سوور، سووپ و زەڵاتە دەکات، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ترشیات تەندروستە، بەڵام ئەو کەسانەی برینی گەدەیان هەیە، نابێت بیخۆن.
 
بۆ ژەمی پارشێو، ئەو پسپۆڕەی خۆراک رێنوێنی دەدات کە لە خواردنی تیژ و خواردنەوە کافاینییەکان دووربکەونەوە. دەشڵێت، "کەسێک کە وەرزش دەکات، پێویستە لەسەر سفرەی پارشێو خۆراکە پڕۆتینەکانی هەبێت، ئەوانەی کە وەرزش ناکەن با زیاتر گرنگی بە خواردنی ماست، سەوزە و میوە بدەن." 
 
د. رێبین رەجەب مانگی رەمەزان بە دەرفەتێکی باش بۆ دابەزاندنی کێش دەزانێت، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێن و شەکرەیان هەیە.
 
لەبارەی ئاو خواردنەوە، د. رێبین رەجەب ئاشکرای کرد، "نابێت لەکاتی رۆژووشکاندن و پارشێودا ئاوی زۆر بخورێتەوە، بەڵکو تەنیا پەرداخێک بۆ 2 پەرداخ، تاوەکو کاتی خەوتنیش بەگوێرەی کێشی کەسەکە، 5 بۆ 6 پەرداخ ئاو نەخورێتەوە."