هەستەوەرێکی نوێ دەتوانێت زووتر لە تاقیگەکان هەوکردنی رێڕەوی میز دەستنیشان بکات

رووداو - تەندروستی

لە ئەمریکا هەستەوەرێکی سۆندەیان پەرەپێداوە کە بە یارمەتیی ئەپێک، دەتوانێت لە قۆناخێکی زووتردا هەوکردنی رێڕەوی میز (UTI) دەستنیشان بکات.
 
زانکۆی تەکساس لە ئەمریکا ئەپێکیان دیزاین کردووە کە لەگەڵ هەستەوەرەکەدا دەگونجێت بۆ شیکردنەوەی ئامارەکان و ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەران کاتێک هەوکردن دەستنیشان دەکرێت، هەستەوەرەکە توانیویەتی لە ماوەی 3 بۆ 9 کاژێر بەکتریای E. coli لە ئاستێکی نزمتردا دەستنیشان بکات بە بەراورد بە رێگە باوەکان. 
 
د. هاتیس سەیلان سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت ئەم سیستمە نوێیە توانای کەمکردنەوەی ئەو کێشە تەندروستییانەی هەیە کە بەهۆی چارەسەرنەکردنی هەوکردنی رێڕەوی میزەوە دروست دەبن.
 
د. هاتیس سەیلان ئاماژەی بەوەکرد " ئامێرێکی بچووک لەسەر کیسی سۆندەکە دادەنرێت بۆ چاودێریکردنی بەردەوامی بەکتریای E. coli، کاتێک بەکتریاکە دەدۆزرێتەوە، هەستەوەرەکە ئاگادارییەک بۆ مۆبایل دەنێرێت، ئەمەش وەڵامدانەوەی پزیشکی خێراتر دەکات و مەترسیی کەم دەکاتەوە."