توێژینەوەیەک: جەستەی کۆرپەکانی داهاتوو بە دەرمان چارەسەر ناکرێن

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشكرای دەکات، کۆرپەکانی داهاتوو لەگەڵ لەدایکبوونیانەوە جەستەیان بەجۆرێکە کە دەرمان کاریان تێناکات و تووشی بەهێزبوونی بەکتریاکان بوونەتەوە. 
 
توێژەرانی زانکۆی ئەرستۆ لە یۆنان کاریان لەسەر نموونەی پیسایی 105 منداڵی مەلۆتکە کردووە و دەرکەوتووە، جینی (بەرگریی بەکتریاکان دژی دەرمانەکان) لەنێو پیساییەکانیاندا هەیە. واتە ئەو جینە لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکە دەتوانێت رێگری لە بەشێکی زۆری دەرمانەکانی دژەبەکتریا بکات لە چارەسەرکردنی منداڵەکە لەکاتی تووشبوون بە هەوکردن. 
 
ئارگیرۆ تێرگیۆتی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە منداڵ پێش لەدایکبوونیشی، بەرکەوتەی جینی بەهێزبوونی بەکتریاکانە بەهۆی ئەو هەڵانەی کە بەکتریاکان بەهێز دەکەن دژی دەرمانەکان، هەر بۆیە رەنگە زۆرینەی دەرمانەکان کاریگەرییان نەبێت لەسەر چاکبوونەوەی نەخۆشییەکانی منداڵەکە.
 
هەر بۆیە پسپۆڕان ئەمە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێننەوە؛
 
- گواستنەوەی جینی بەکتریا بەهێزەکان لە دایکەوە بۆ کۆرپەکەی، بەهۆی هەڵەکانی دایکەوە.
- لەدایکبوونی منداڵ بە نەشتەرگەری.
- بەرکەوتەی منداڵی تازەلەدایکبوو بە ژینگەی ناخاوێنی نەخۆشخانە کە پڕە لە بەکتریا بەهێزەکان.
- بەرکەوتەی منداڵی تازەلەدایکبووی ناکام بەو ئامێرانەی بۆی دادەنرێت کە رەنگە ئەو ئامێرانە بەکتریای بەهێزیان لەسەر بێت.
 
پسپۆڕێکی مایکرۆبایۆلۆژی و نەخۆشییە گوازراوەکان ئاشکرای دەکات، بەهۆی بەهێزبوونی بەکتریاکانەوە چەندین نەخۆش لە یەکەی چاودێریی چڕ خەوێندراون و هیچ دەرمانێک لەسەر جەستەیان کاریگەر نییە بۆ چارەسەر. (راپۆرتەکە ببینە).
 
لە هەرێمی کوردستان ژمارەی تووشبووانی بەهێزبوونی بەکتریاکان زیادبووە و WHO دەڵێت: ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک کەس بەهۆی بەهێزبوونی بەکتریاکانەوە گیان لەدەستدەدەن، پسپۆڕێکیش لە باسی نەخۆشێکیدا گوتی، ''نەخۆش هەیە بە هیچ دەرمانێک چارە ناکرێت''.