مەترسییەکی جیدیی سەرخەوشکاندن لەسەر بەساڵاچووان

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی لە ئەمریکا دەریخستووە، لەگەڵ چوونە تەمەنەوە سەرخەوشکاندنی رۆژانە رەنگە نیشانەیەکی ئاگادارکەرەوەبێت بۆ بوونی کێشەی تەندروستیی شاراوە.
 
توێژینەوەکە لەلایەن تویژەرانی نەخۆشخانەی "Mass General Brigham" و سەنتەری پزیشکیی زانکۆی "Rush" ئەنجامدراوە و بۆ ماوەی 19 ساڵ چاودێریی هەزار و 338 بەساڵاچوویان کردووە بۆ بەدواداچوونی خووەکانی خەوی رۆژانەیان و پەیوەندیی بە رێژەی مردنەوە، دەرکەوتووە سەرخەوشکاندنی درێژتر، زۆرتر و بەیانیان پەیوەندییان   مردنەوە هەیە.
 
توێژەران بۆ ماوەی 10 رۆژ کاژێری زیرەکیان بە بەشداربووان بەست بۆ پێوانەکردنی چالاکییەکانیان، دوای شیکردنەوەی ئامارەکان دەرکەوت هەر کاژێرێکی زیادەی سەرخەوشکاندنی رۆژانە، مەترسیی مردنی بە رێژەی 13% زیاد کردووە، هەر سەرخەوشکاندنی زیادەی رۆژانە مەترسیی مردنی بە رێژەی 7% بەرز کردووەتەوە و ئەوانەی بەیانیان سەرخەوی رۆژانەیان دەکرد، مەترسیی مردنیان 30% زیاتر بوو لەچاو ئەوانەی دوانیوەڕوان دەیانکرد.
 
د. چێنلو گاۆ سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "پێشتر خەوی زیاد لە پێویستی رۆژانە لە تەمەنی پیریدا بە تێکچوونی دەماری، نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و تەنانەت نەخۆشیی زیاترەوە بەسترابووەوە، بەڵام زۆربەی ئەو دۆزینەوانە پشتیان بە زانیاریی خودی کەسەکان بەستبوو."
 
د. چێنلو گاۆ گوتیشی، "گرنگە بزانین ئەمە تەنیا پەیوەندییە نەک هۆکار، خەوی زیاد لە پێویستی رۆژانە ئەگەری هەیە ئاماژە بێت بۆ نەخۆشیی بنەڕەتی، نەخۆشیی درێژخایەن و  تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆجیی جەستە."