بەرگریی شارستانیی سۆران: ساڵانە زیاتر لە 5 رووداوی هەڵدێران تۆماردەکرێن

رووداو - تەندروستی

بەرێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایدەگەیێنێت، ئەمساڵ 3 رووداوی کەوتنەخوارەوە و هەڵدێران لە سنوورەکەیان تۆمارکراون و هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە. 
 
موقەدەم کاروان میراودەلی، بەرێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ساڵانە زیاتر لە 5 رووداوی هەڵدێران لە سنوورەکەمان تۆماردەکرێن و هەندێکجار هاووڵاتیی عەرەبیشیان تێدابووە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا 3 رووداو هەبووە و دوو لەو کەسانە خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوون.
 
موقەدەم کاروان میراودەلی ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێکجار هاونیشتمانییان تەنیا بۆ وێنەگرتن گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و دەچنە شوێنە بەرزەکان، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەکات."
 
بەرێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، داوا لە شاخەوانان دەکات بەر لەوەی گەشت بکەن بۆ ناوچە شاخاوییەکان، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 115 بکەن بۆ ئەوەی رێنوێنی بکرێن و ناویان لە نزیکترین بنکەی بەرگریی شارستانی تۆمار بکرێت، بۆ ئەوەی لەکاتی هەر رووداوێکی نەخوازراودا بتوانن بەزوویی بیان دۆزنەوە.
 
سەبارەت بە توانای تیمەکانیان، موقەدەم کاروان میراودەلی گوتی، "تیمی فریاگوزاری و تیمی خۆجێییمان هەیە، بەڵام هێنانەوەی تەرم لە ناوچە سەختەکان زۆر سەختە، بۆیە داوامان کردووە فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ بەرگریی شارستانیی سۆران دابین بکرێت."