'ژەهری جرج' لەنێو خۆراکێکی منداڵان لە هەرێمی کوردستان هەیە؟
رووداو - تەندروستی
بەدواداچوونێکی رووداو بۆ ئەو بەرهەمەی کە لە سێ وڵاتدا ژەهری مشکی تێدا دۆزرایەوە دەریدەخات، ئەو جۆرە بەرهەمە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا نییە و ئەگەریش هەبێت بە ژمارەیەکی زۆر کەم و بە نایاسایی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
ژەهری جرج لەنێو بەرهەمەکانی شووشەی سریلاکی گیراوەی کۆمپانیای هیپی ئەڵمانیدا لە وڵاتانی نەمسا، چیک و سلۆڤاکیا هەبووە، بەڵام هیچ حاڵەتێکی ژەهراویی منداڵ تۆمار نەکراوە.
ئێستا کۆمپانیای بەرهەمهێنەر، هەموو شووشەکانی خۆراکەکەی لە بازاڕدا کشاندووەتەوە و دەڵێ، ''مەترسییە بۆ سەر ژیانی منداڵان''.
ئاژانسی نەمسا بۆ تەندروستی و سەلامەتیی خۆراک رایگەیاند، هەر منداڵێک لەو خۆراکەی خواردبێت و تووشی (خوێنبەربوون، لاوازی، بێهێزی و زەردوویی لەگەڵ سکچوون و رشانەوە و خوێن لەنێو پیسایی) بووبێت، دەستبەجێ پزیشک بیبینێت.
هەر بۆیە پەیام سەربەست، پەیامنێرمان لە هەولێر دوای بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم بەرهەمەی کە لە شێوەی مرەبادایە و ئێستا کێشەی لەسەرە دەڵێت: تەنیا لەو جۆرە شووشەیە لە یەک شوێنی هەولێر دۆزیمەوە و هیچ بەرهەمێکی دیکەشم نەبینیوە.
پەیام سەربەست قسەی لەگەڵ بازرگانان کردووە و پێیان گوتووە، ئەو بڕاندە بریکاریی فەرمی لە هەرێمی کوردستان نییە، هەر بۆیە بەرهەمەکانی زۆر کەمن.
لەماوەکانی رابردوودا، چەند کۆمپانیایەک بەهۆی بوونی ژەهر لەنێو بەرهەمە خۆراکییەکانیاندا، ئاگادارکرانەوە بەتایبەت کۆمپانیاکانی نەسلە، دانۆن و بایهارت کە شیری وشکی منداڵان دەفرۆشن.
ئەم ساڵیش دەزگای ئاسایش و تەندروستیی بەریتانیا رایگەیاند، لانیکەم 36 منداڵی ساوا بەهۆی شیری منداڵانی پیسبووەوە تووشی ژەهراویبوونی خۆراک بوون.