لە زاخۆ پزیشکانی سڕکردن بایکۆتی کاریان راگەیاند
رووداو - تەندروستی
لە زاخۆ پزیشکانی سڕکردن بایکۆتی کاریان راگەیاند و بەهۆیەوە ئەمڕۆ سێ نەشتەرگەری نەکراون، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ دەڵێت، تەنیا یەک نەشتەرگەری نەکراوە ئەویش لەبەر دواکەوتنی پزیشکی سڕکردن نەک باکۆت کردنی کار.
غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ ئشكرای کرد، ئەمڕۆ چوارشەممە 21-5-2025 بەهۆی بایکۆتی پزیشکانی سڕکردنەوە، چەند نەشتەرگەرییەک دواکەوتوون و هۆکارێکی بایکۆتەکەش بۆ پێنەدانی مافی تەواوەتی بە پزیشکانی سڕکردن لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی شیلان ئیسماعیل دەگەڕێتەوە.
بەگوتەی پزیشکانی سڕکردنی بایکۆتکەر لە زاخۆ، دادگە مافی بە پزیشکانی سڕکردن لەو دۆسیەیە نەداوە و لایەنگری پزیشکانی پسپۆڕ زیاترە بەراورد بە پزیشکانی سڕکردن.
هەرچەندە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ رەتیدەکاتەوە نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکان نەکرێن و تەنیا ئەوە باس دەکات، یەک پزیشکی سڕکردن دواکەوتووە لە کارەکەی بۆیە نەشتەرگەرییەکان دواخراون.
بەپێی ئامارەکانی بەشی سڕکردن لە زاخۆ، چوار پزیشکی سڕکردن هەن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو لە زاخۆ هەشت پزیشک هەن کە دەوامی فەرمی دەکەن لە نەخۆشخانەی گشتی، نەخۆشخانەی منداڵبوون و نەخۆشخانەی فریاکەوتن.