فریاگوزاریی ئێران: لە سەرەتای هێرشەکانەوە 7 ئەمبوڵانس و 14 کارمەندی فریاکەوتن زیانیان بەرکەوتووە

رووداو - تەندروستی

سەرۆکی رێکخراوی فریاگوزاریی ئێران رایدەگەیێنێت، خزمەتگوزارییە پزیشكی و فریاگوزارییەکان لە ئێران 24 کاژێر لە کاردان و هاوشێوەی دۆخی پێش جەنگ هەموو پێداویستییەک هەیە و سەرچاوە مرۆییەکانیش ئامادەن.
 
جەعفەر میدفەر، سەرۆکی رێکخراوی فریاگوزاری لە ئێران دەڵێت: لەماوەی رابردوودا کەمیی ژمارەی ئەمبوڵانس هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو کێشەیەش چارەسەر کراوە.
 
جەعفەر میدفەر ئاشکرای کرد، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 7 ئەمبوڵانس و 14 کارمەندی فریاکەوتن زیانیان بەرکەوتوون. جگە لەوەش سێ بنکەی فریاکەوتن، بنکەیەکی تەندروستی و سێ نەخۆشخانەش کراونەتە ئامانج.
 
لە رۆژی 17ـی 6ـی 2025دا رێکخراوی پەرستارانی ئێران رایگەیاند، زۆرێک لە بەشەکانی نەخۆشخانەی فارابی بەهۆی بۆردوومانەوە لەکارکەوتوون، دوای ئەوەی هێرشی تووند کرایە سەر نەخۆشخانەکە. {بابەتەکە ببینە}.
 
پاشان لە رۆژی 19-6-2025 ئێران هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و زیانی گەورەی هەبوو. تەندروستیی نیشتمانیی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا لانیکەم 30 کەس بریندارن. لەو هێرشەشدا باڵەخانەیەک بە تەواوی لە نەخۆشخانەی سۆرۆکا رووخا کە سەربازە بریندارەکانی جەنگی غەززەی تێدا چارەسەر دەکرا.