ئەندازیارێکی خۆراک: خواردنەوە گازییە رێژیمییەکان 'دایت' ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن
رووداو - تەندروستی
دۆناڵد ترەمپ داوای لە کۆمپانیای کۆکاکۆلا کردووە، لەنێو بەرهەمە دایتەکانیان لەبری شەکری گەنمەشامی، شەکری قامیش بەکاربهێنن؛ ئەندازیارێکی خۆراکیش لە سلێمانی دەڵێت: لەڕووی زانستییەوە بەڕێژەیەکی کەم ئەو خواردنەوە گازییەی شەکری قامیشی تێدایە، ئەگەری زیادبوونی چەوریی سیانی کەم دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 21-7-2025 لەشکر حەمید، ئەندازیاری خۆراک لە بووڵتەنی ئابووریدا رایگەیاند، شەکری گەنمەشامی 55٪ـی فرەکتۆزە و 45٪ـی گلوکۆزە، بەڵام شەکری قامیش 50٪ـی فرەکتۆز و 50٪ـیشی گلوکۆزە؛ ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە شەکری قامیش بە سوودتر بێت، چونکە فرەکتۆزەکەی کەمترە لە شەکری گەنمەشامی.
لەشکر حەمید روونی دەکاتەوە، ''فرەکتۆز دەشێت کاریگەریی هەبێت لە بەرزکردنەوەی چەوریی سیانی، بەڵام هەردوو جۆری شەکرەکە کاریگەرییان لەسەر قەڵەوی، بەرزکردنەوەی شەکرە و کەمبوونەوەی ئەنسۆلین هەیە''.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکرد کە خواردنەوە گازییە رەشەکان بەراورد بە سپی و سەوز و پرتەقاڵییەکان رێژەی شەکریان کەمترە، بەڵام کافایینیان زیاتر تێدایە، ئەمەش هۆکار دەبێت کە جەستە ئاسن و مادە خۆراکییە سوودبەخشەکان نەمژێت.
لە کۆتاییدا باسی خواردنەوە دایتەکانی کرد و گوتی، ئەو خواردنەوە گازییانەی بە ناوی ''زیڕۆ''وە دەفرۆشرێن مەترسیدارن و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن، چونکە شیرینکەرە دەستکردەکانیان تێدایە کە رۆڵیان هەیە لە هاندانی خانە شێرپەنجەییەکان.