تەندروستیی عێراق بۆ رووداو: ئەم ساڵ 30 کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە

رووداو - تەندروستی

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری نوێی تایبەت بە تای خوێنبەربوونی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ رووداو ناردووە و دەڵێ :" ئەم ساڵ 231 کەس تووش بوون و 30 کەسیان گیانیان لەدەستداوە".
 
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، دووشەممە 21-7-2025 بە رووداوی راگەیاند:" 16 تووشبووی نوێی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون. دوو تووشبوویان لە واست و زیقار گیانیان لەدەست داوە".
 
 بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی بۆ رووداو، لە ساڵی 2025 دا 231 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی تای خوێنبەربوون بوون کە 30 کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
زۆرترین و کەمترین تووشبووی تای خوێنبەربوون لە عێراق و کوردستان
 
وەک تەندروستیی عێراق دەڵێ، لە زیقار 84 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و 4 کەسیان گیانیان لەدەستداوە؛ لە بەغدا  36 کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و 6 کەسیان گیانیان لەدەستداوە؛ لە مووسەننا 20 تووشبوو تۆمارکراون و دوو کەسیان گیان لەدەستداوە؛لە واست 19 کەس تووشبوون و 3 کەسیان گیانیان لەدەستداوە  .
 
لە بەسرە، میسان، نەینەوا، دیالە، دیوانییە، بابل، نەجەف، کەربەلا و سەڵاحەدین 58 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و 9 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
تووشبووانی تای خوێنبەربوون لە باشووری کوردستان؛ 12 تووشبوو و 5 گیانلەدەستدان
 
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکووک 12 تووشبوو تۆمارکراون و 5 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
لە هەولێر 2 تووشبوو تۆمارکراون و هیچ تووشبوویەک گیانی لەدەستنەداوە؛ لە دهۆک سێ کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و کەسێک گیانی لەدەستداوە؛ لە سلێمانی و هەڵەبجەش دوو تووشبوو تۆمارکراون و کەس گیانی لەدەستنەداوە.
 
زۆرترین تووشبوون و گیانلەدەستدان لە باشووری کوردستان لە کەرکووک بووە بە جۆرێک 5 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و 4 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.