خۆراکناسێک: زیانەکانی خۆراکە خێراکان بۆ خانمان زۆرترە
رووداو - تەندروستی
خۆراکناسێک باسی خۆراکە خێراکان دەکات و رایدەگەیێنێت، رێژەیەکی زۆر لە شەکر و چەورییە تواوەکانیان تێدایە کە هۆکاری گیانلەدەستدانن.
ئەمڕۆ دووشەممە 21-7-2025 ئەوین هیوا، خۆراکناس لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، ئەو مادە پارێزەرانەی لەنێو خۆراکە خێراکاندا هەن، دەشێت درێژمەودا ببنە هۆی نەزۆکبوون لە هەردوو رەگەزەکەدا.
ئەوین هیوا دەڵێت: ئەو مادانەی دەکرێنە نێو خۆراکە ئامادەکراوەکان بەتایبەت خۆراکە خێراکان، هۆرمۆنەکانی خانمان تێکدەدەن و بۆ خانمان زیانەکانی زۆر زیاترن.
خۆراکە ئامادەکراوەکان ئەو خۆراکانەن شەکر، خوێ و چەورییان بۆ زیاددەکرێت و بەشێکیشیان رەنگ، تام و مادەی پارێزەریان تێبکرێت تاوەکو زیادبمێننەوە و تامێکی جیاوازیان هەبێت.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەو خۆراکانە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی 'شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن، قەڵەوی، هەوکردنەکانی ریخۆڵە و کۆڵۆن' زیاددەکەن.