شیکارییەکی بەریتانی: زۆرینەی ئەو منداڵ و گەنجانەی ڤەیپ دەکێشن، دەست بە جگەرەکێشان دەکەن
رووداو - تەندروستی
شیکارییەکی نوێی بەریتانی دەریدەخات، ئەو منداڵانەی ڤەیپ دەکێشن ئەگەری ئەوەیان زۆرە کە لەداهاتوودا ببنە جگەرەکێش و تووشی نەخۆشییەکانی سییەکان و ناڕێکیی دەروونیش ببن.
شیکارییەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی یۆرک لە لەندەن لەسەر شیکردنەوەی 384 توێژینەوە کرا و ئاشکرای دەکات، ئەو نەوجەوان و گەنجانەی ڤەیپ دەکێشن، سێ ئەوەندە ئەگەری دەستپێکردنیان بە جگەرەکێشان زیاتر بووە لەوانەی تاوەکو تەمەنی 25 ساڵی هیچ دووکەڵێکیان نەکێشاوە.
د. سوو گۆڵدەر، توێژەرێکی شیکارییەکەیە و دەڵێت: هەر شتێک بەردەستبوون و بەکارهێنانی ڤەیپ لە منداڵ و گەنجاندا کەم بکاتەوە، گرنگە دەستبەجێ بکرێت.
بەپێی ئامارەکانی شیکارییەکە، ئەوانەی ڤەیپیان کێشاوە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و سییەکان زیاد بووە و بەشێی زۆریشیان ناڕێکیی دەروونی وەکو خەمۆکی و تەنانەت بیرکردنەوەی خۆکوژیانەشیان زیاد بووە.
5 مادەی مەترسیداری نێو ڤەیپ
1- نیکۆتین
* نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
* لاوازیی بیرکردنەوە و بیرچوونەوە
* هەوکردنی سیکڵدانۆچکەکانی سییەکان
2- بەنزین
* شێرپەنجە
* نەزۆکی
* تێکچوونی سووڕی مانگانە
3- ئەکرۆلین
* نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
* لینجە مادە (بەڵغەم)
* هەستیاری
4- ئەلدیهایدەکان
* شێرپەنجەی خوێن
* هەستیاری و هەوکردنی قوڕگ
* برینداربوونی ناوپۆشی دەم و لووت
5- پڕۆپلین ئەلکحول
* دژەبەستن
* هەستیاریی چاو، قوڕگ و لووت
* پەککەوتنی گورچیلەکان