توێژینەوەیەک: زۆربەکارهێنانی پلاستیکەکان ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزهایمەر زیاد دەکات

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێی لە ئەمریکا دەریدەخات، وردەپلاستیکەکان بەربەستی پاراستنی مێشک دەبڕن و لەو رێگەیەوە دەچنە نێو مێشک، ئەمەش هۆکار دەبێت بۆ زوو تووشبوون بە لەبیرچوونەوە و نەخۆشیی ئەڵزهایمەر.
 
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی رۆد ئایلەند کرا و دەرکەوت، وردەپلاستیکەکان دەشێت بچنە نێو خانەکانی جەستەوە و لەڕێگەی خوێنەوە تێکەڵ بە ئەندامەکانی جەستە ببن، بەتایبەت مێشک و ببنە هۆی دواکەوتنی ئاستی هۆشیاری و پووکانەوەی خانەکانی مێشک وەکو نەخۆشیی ئەڵزهایمەر.
 
توێژەران ئەوەشیان بۆ دەرکەووتووە، هەندێک جین هەیە ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاد دەکەن وەکو جینی APOE، بەڵام ئەگەر کەسەکە جینەکەی هەبێت و لە ژینگەیەکی گونجاودا بژی و شێوازی ژیانی تەندروستیی هەبێت، ئەوا نەخۆشییەکەی لێدەرناکەوێت و بۆ ئەم مەبەستەش بە تاقیکردنەوە سەلماندوویانە.
 
پڕۆفیسۆر د. جەیمی رۆس، پسپۆڕی دەرمانسازی لە زانکۆکە و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست دەکرێت زاڵ بێت بەسەر بۆماوەیی و جینەکاندا، ئەمەش لەڕێگەی ئەمانەی خوارەوەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزهایمەر؛
 
- جووڵەی رۆژانە و چالاکیی جەستەیی
- خواردنی خۆراکی تەندروست
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر و پەستانی خوێن
- راهێنانی مێشک
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی