هۆکارێکی قەڵەوبوون لەنێو خانمان ئاشکرا دەکرێت؛ 'زوو هاوسەرگیری مەکەن'
رووداو - تەندروستی
لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن توێژەرانی بەریتانی لەسەر لێکەوتەکانی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە تەمەنە زووەکاندا ئاشكرا دەکات، ''رێژەی قەڵەوی لەنێو خانماندا زیاد دەکات''.
توێژەرانی زانکۆی یۆرک لە ئینگلاند ئەم توێژینەوەیەیان لەسەر خانمانی پاکستان کرد و دەرکەوت، نیوەی زیاتری ژنانی پاکستان کێشزۆرن یان قەڵەون و بەشێکی زۆریشیان لە تەمەنی زوودا شوویان کردووە.
ڤیکتۆر تاڤێزی، توێژەرێکی لێکۆڵینەوەکەیە و دەڵێت: بۆمان دەرکەوتووە، پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی پێشوەختە ئەگەری قەڵەوبوون زیاد دەکات، ئەمەش لەڕێگەی چەند هۆکارێکەوەیە''.
ئەو توێژەرە ئاماژە بەم هۆکارانە دەکات کە لەنێو توێژینەوەکەیان ئاماژەیان پێداوە بۆ قەڵەوبوونی خانمان؛
- ئەوانەی بە زوویی هاوسەرگیری دەکەن، زوو منداڵیان دەبێت ئەمەش لە تەمەنە ناوەندییەکاندا کێشیان زیاد دەکات.
- زووهاوسەرگیری رێگە بە ژنان نادات زیاتر پەروەردە بکرێن و خۆیان رۆشنبیر و خوێندەوار بکەن کە دەشێت ئەو رۆشنبیرییە شێوازی ژیانیان تەندروست بکات.
- زۆرجار زووهاوسەرگیری توانای بڕیاردانی خانمان لە هەڵبژاردنی خۆراکی تەندروست لاواز دەکات، ئەمەش بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە ئەرکەکانی ماڵداری و منداڵەوە.
هۆکاری ئەوەی داتاکانی خانمانی پاکستان بەکارهاتوون، ڤیکتۆریای توێژەر روونی دەکاتەوە، نزیکەی 40٪ـی خانمانی ئەو وڵاتە پێش تەمەنی 18 ساڵی ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە، هەروەها وڵاتێکە لە گەشەسەندندایە و گۆڕانکاریی خۆراکیی زۆر بەسەر خەڵکەکەیدا هاتووە.