ئەنجوومەنی دەرمانسازانی کوردستان: کارکردنی کەسانی ناشارەزا لەنێو بواری دەرمانسازیدا کێشەی سەرەکیمانە

رووداو - تەندروستی

ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان رایدەگەیێنێت، کێشەی سەرەکیی بەردەم پیشەی دەرمانسازی، زۆربوونی زانکۆ ئەهلییەکان و کارکردنی کەسانی ناشارەزا لەنێو بواری دەرمانسازی و دوور لە پیشەی دەرمانسازی.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 21-9-2025 دکتۆر مامەند رەشید پیرزینی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، کارکردنی کەسانی نادەرمانساز لەنێو پیشەی دەرمانسازی و لەجێی دەرمانسازەکان کێشەیەکی سەرەکیی ئەوانە و ئەمەش وایکردووە ئاستەنگ لە هەلی کاری دەرمانسازانی ئەمڕۆ و داهاتوو هەبێت.
 
دکتۆر مامەند رەشید لەبارەی کردنەوەی کۆنفرانس و خولی تایبەت بە پێگەیاندنی دەرمانسازان دەڵێت: ئامانج بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی پزیشکانی دەرمانسازە و ئەم ساڵ سەندیکا مامۆستای بیانی هێناوە بۆ ئەوەی رێنوێنیی زانستی و ئەکادیمی بداتە پزیشکانی دەرمانسازی کورستان.
 
د. ئوسامە تەبارا، دەرمانساز کە ئەزموونی زیاتر لە 40 ساڵی لە دەرمانسازی و بەڕێوەبەری کارگێڕیی دەرمانخانە لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات هەیە، تایبەت بە دەرمانسازانی کوردستان دەڵێت: ''ئەگەر ئامۆژگاریەک بدەم بە دەرمانسازان ئەوە دەبێت کە داوایان لێدەکەم رێبەرێک بۆخۆیان دانێن، رێبەر ئەو کەسەیە کە لە هەمان بوار ئەزموونێکی زۆری هەیە تاوەکو ئەو ئەزموونە کە وەکو پارچەیەک زێڕ وایە بە ئاسانی لێی وەربگرن و سوودی لێببینن''.
 
د. ئوسامە گوتی، کەسێک کە رێبەرێکی هەبێت ئەزموونی خۆی بۆ بگوازێتەوە و راست و هەڵەکانی پێبڵێت ئەو کات لە ژیانی کارکردنی زۆر سەرکەوتوو دەبێت.