توێژینەوەیەک موژدە بەوانە دەدات کە زوو واز لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان دەهێنن

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە بەریتانیا ئەنجامەکانی دەکاتە موژدەیەک بۆ ئەوانەی لە تەمەن زووەکانیان جگەرە دەکێشن و دەریدەخات، لە هەر کاتێکدا واز بهێنن سوودی زیاتر بە جەستەیان دەگات.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن لە بەریتانیا لەسەر نۆ هەزار و 436 کەسی سەروو 40 ساڵ کرا و دەرکەوت، وازهێنان لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان لەو تەمەنە و سەرووتریش ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە لە 10 ساڵی داهاتوویان کەم دەکاتەوە.
 
د. مایکڵ بلومبێرگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ئەوانەی هیچ نەبێت لە قۆناخە ناوەندییەکانی تەمەنیاندا واز لە جگەرەکێشان دەهێنن، 20٪ ئەگەری تووشبوونیان بە پووکانەوەی مێشک و لەبیرچوونەوە کەمتر دەبێتەوە.
 
ئەو پسپۆڕە پێشنیاز دەکات، چەند زووتر واز لە دووکەڵکێشان بهێندرێت باشترە، بەتایبەتیش جگەرەکێشێک کە دوای تەمەنی 40 ساڵی بتوانێت لە دووکەڵكێشان دوور بکەوێتەوە، بۆ ئەوەی بەساڵداچوونێکی تەندروستی هەبێت.
 
بەگوێرەی ژمارەیەک توێژینەوە، ئەگەر قەدەخەی تەواوەتیی جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکانی بەریتانیا جێبەجێ بکرێت، ساڵانە بڕی 2.5 ملیۆن پاوەند بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا، لەو وڵاتە نزیکەی 7.9 ملیۆن کەس جگەرەکێشن و ساڵانەش بەو هۆیەوە 80 هەزار کەس گیان لەدەستدەدەن.