ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا بۆ کێ گرنگە و بۆ کێش نابێت؟

رووداو - تەندروستی

پزیشک و خوێندکارێکی بۆردی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ رایدەگەیێنێت، ئەوانەی هەستییارییان هەیە بە هەندێک جۆری پڕۆتین وەکو هێلکە، باشترە بە راوێژی پزیشک ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا لەخۆیان بدەن.
 
دکتۆر شاهۆ حەوێزی، پزیشک و خوێندکاری بۆردی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ بە رووداوی راگەیاند، هەموو کەسێک دەتوانێت ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا وەربگرێت، بەتایبەت؛
 
* کەسانی سەروو 65 ساڵ.
* خانمانی دووگیان.
* تووشبووانی شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن، سستیی دڵ و گورچیلە، لاوازیی بەرگریی جەستە و رەبۆ.
* تووشبووانی شێرپەنجە (بە راوێژ بە پزیشک).
* ئەوانەی بەرکەوتەیان لەگەڵ کەسی تووشبوودا هەیە.
* پزیشک و کارمەندانی تەندروستی.
 
لەبارەی ئەوانەی ناتوانن ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا وەربگرن دەڵێت، ئەوانەی هەستییارییان هەیە بە هەندێک جۆری پڕۆتین وەکو هێلکە یاخود ئەوانەی تووشبووی پەتا و هەڵامەتن، بوەستن تا چاک دەبنەوە.
 
لە کۆتاییشدا گوتی، وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا (فڵو ڤاکسین) رەنگە بۆماوەی 6 بۆ 12 مانگ دوورت بخاتەوە لە تووشبوون بە پەتای وەرزی و ئەنفلەوەنزا، بەڵام دەکرێت هێشتا تووشی نەخۆشییەکە ببیت، بەڵام نیشانەکان سووک و سەلامەتترن و بە کاتێکی خێراتریش چاک دەبیتەوە.