تەندروستیی پارێزگای ئاگری لە تورکیا: پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە بۆ 41 هەزار کەس دەکەین
رووداو - تەندروستی
لە تورکیا نۆرینگەیەکی گەڕۆک بۆ پشکنینی نەخۆشییەکانی مەمک دەچێتە ئەو پارێزگایەی کە تووشبوویەکی زۆری شێرپەنجەی تێدا تۆمار کراوە.
لە پارێزگای ئاگری لە تورکیا نۆرینگەیەکی گەڕۆک لەنێو ئۆتۆمبێلێکدایە و خزمەتگوزاریی بێبەرامبەر پێشكێش بە خانمانی گوندەکانی ئەو پارێزگایە دەکات، پزیشکێک دەڵێت: لەکاتی پشکنینەکاندا خانمان هۆشیار دەکەینەوە لە نیشانەکانی شێرپەنجە و ئەوەشی گرووپی مەترسیدار بێت، رەوانەی نەخۆشخانە و سەنتەری تایبەت بە شێرپەنجە دەکرێت.
دکتۆر ئەلیف بەیزا، پزیشکێکی خولاوە و لە سەنتەری تەندروستیی ئاگری کار دەکات، دەڵێت: رێژەی مردن بە شێرپەنجە لە پارێزگاکە زۆرە و نۆرینگە گەڕۆکەکە بایەخێکی زۆری هەیە.
ئەو پزیشکە ئەوەشی باس کرد، لە نۆرینگە گەڕۆکەکە پشکنینی پێشوەختەی ملی منداڵدان، شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجەی کۆڵۆن دەکرێت.
تەندروستیی پارێزگای ئاگری رایدەگەیێنێت، ئامانجیانە پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجە بۆ 41 هەزار کەس بکەن.