پسپۆڕێکی چاو: هەڵکشانی تەمەن هۆکارێکی سەرەکیی سپیبوونی چاوە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی چاو لە ئەمریکا هۆکار و نیشانەکانی سپیبوونی چاو باسدەکات و رایدەگەیێنێت، لەگەڵ هەڵچوونی تەمەن پێکهاتەکانی نێو چاو گۆڕانکارییان بەسەردادێت و هەندێک کەس تووشی حاڵەتەکە دەبن.
دکتۆر ئەمیر خان، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو لە ناوەندی مایۆکلینیکی پزیشکی لە ئەمریکا دەڵێت: بینینی پەڵەی رەش و خۆڵەمێشی یاخود پەڵەی هاوشێوەی تۆڕی جاڵجاڵۆکە لە بینیندا، نیشانەیە بۆ تووشبوون بە سپیبوونی چاو یاخود نوقمبوونی چاو.
بە گوتەی دکتۆر ئەمیر خان، هەڵکشانی تەمەن هۆکارێکی سەرەکیی تووشبوونە بەم نەخۆشییە، هەروەها دەڵێت: نەخۆشییەکە لەو کەسانەی کێشەی دووربینینیان هەیە بەربڵاوە و دەشێت هۆکارەکانی وەکو 'هەوکردن و پێکانی چاو یاخود کونبوونی گلێنە' ببنە هۆکار.
لە کۆتاییدا پسپۆڕەکەی چاو نەخۆشییەکە بە مەترسیی نازانێت و هیچ دەرمانێک پێشنیاز ناکات، بەڵام بە پێویستی دەزانێت تووشبووان لەکاتی هەستکردن بە نیشانەکان سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن، چونکە جگە لە تەمەن، هۆکاری دیکەش هەن بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکە و پێویستە دەرمانی تایبەتیان بۆ بەکاربهێندرێت.
بە گوێرەی پەیمانگەی نیشتمانیی چاو لە ئەمریکا، بەکارهێنانی 'لەیزەر و نەشتەرگەری' دوو کرداری گرنگن بۆ چارەسەرکردنی سپیبوونی چاو.