پسپۆڕێکی دڵ: 90٪ـی هۆکاری مردن بە هەواڵی خۆش و ناخۆش ''دڵشکان''ـە
رووداو - تەندروستی
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ کوڕێک بەهۆی بیستنی هەواڵی مردنی باوکی، ''بە جەڵتەی دڵ'' گیانی لەدەستدا؛ پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرەش رایدەگەیێنێت، 90٪ـی هۆکاری جەڵتەکە دۆخێکی زانستییە بەناوی دڵشکان.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق بە رووداوی راگەیاند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ وەستا حوسێن بە جەڵتە گیانی لەدەستداوە و کوڕەکەی کە ناوی عەبدوڵڵایە، دوای بیستنی هەواڵی مردنی باوکی، ئەویش جەڵتە لێی داوە و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
د. شوان عوسمان ئەمین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە هەولێر بە رووداوی گوت، ئەو کوڕەی کە بە هەواڵی مردنی باوکی گیانی لەدەستداوە هۆکارەکەی دەشێت حاڵەتی broken heart syndrome بێت کە کەسی تووشبوو رەنگە بە هەواڵی خۆش یان هەواڵی ناخۆش تووشی ببێت.