ساڵی رابردوو لە نەخۆشخانەی فێرکاریی کەرکووک زیاتر لە حەوت هەزار و 500 منداڵ لەدایکبوون

رووداو - تەندروستی

تەندروستیی کەرکووک رایدەگەیێنێت، ساڵی رابردوو زیاتر لە حەوت هەزار و 500 منداڵ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی کەرکووک لەدایکبوون. گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگاکە دەڵێت: ژمارەی نەشتەرگەریی منداڵبوون لە منداڵبوون بە سرووشتی زیاترە، ئەمەش مەترسیدارە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-1-2026 سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، هەرچەندە لیژنەی بڕیاردان لە نەشتەرگەریی منداڵبوون لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا هەیە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆری دایکان بە نەشتەرگەری منداڵیان دەبێت.
 
سامان یابە دەڵێت: ئەوە کێشەیەکی گەورەیە و بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک لێکۆڵینەوەی جیدی لەسەر دەکرێت.
 
ئەوەشی باس کرد کە هەموو ئاسانکارییەک کراوە بۆ کەمکردنەوەی ئازار لەکاتی منداڵبوون بە سرووشتی، بەڵام خانمان هەر نەشتەرگەرییان دەوێت.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی فێرکاریی کەرکووک، سێ هەزار و 474 منداڵ بە سرووشتی لەدایکبوون و چوار هەزار و 81 منداڵیش بە نەشتەرگەری لەدایکبوون.