تەندروستیی هەڵەبجە ئامێرێکی بۆ لەنێوبردنی پاشماوەی پزیشکی کڕیوە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، ئامێرێکی نوێی بۆ لەنێوبردنی پاشماوەی پزیشکی بەناوی "مایکڕۆوەیڤ ئۆتۆشەیدەر" کڕیوە کە توانای لەنێوبردنی 50 کیلۆ پاشماوەی لە کاژێرێکدا هەیە.
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە رووداوی رایگەیاند، "پاشماوە پزیشکییەکان کێشەیەکی گەورەی هەرێمی کوردستانن و ئامانجمانە پاشەڕۆی پزیشکی بە شێوەیەکی تەندروست لەناوببەین."
بە گوتەی د. ئازاد مستەفا، ئامێرەکە زۆر سادە و سەلامەتە و لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە بڕی 274 ملیۆن دینار کڕدراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، "داوام لە خێرخوازان دەکەم هاوکاریمان بکەن بۆ دابینکردنی شوێن، کە شەش دەفتەر و نیوی تێدەچێت."