لە هەولێر یەکەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ قەستەرە بەڕێوەچوو

رووداو - تەندروستی

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ نەشتەرگەرییەکانی قەستەرەی مێشک و دڵ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، کە تێیدا چوار نەشتەرگەری بەشێوەی راستەوخۆ بۆ ئامادەبووان نمایشکران.
 
د. شەوکەت ساڵح، سەرۆکی کۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ قەستەرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەمە یەکەمجارە پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لەگەڵ پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی دڵ پێکەوە کۆدەکەینەوە."
 
سەبارەت بە گرنگیی کۆنگرەکە، د. شەوکەت ساڵح گوتی، "نەشتەرگەرییەکان لە هۆڵی نەشتەرگەرییەوە بەشێوەی راستەوخۆ لەنێو کۆنفرانسەکەدا نیشان دەدرێن و ئەمڕۆ 4 نەشتەرگەریی قەستەرەی مێشک و دڵ گواستراونەتەوە."
 
سەرۆکی کۆنگرەکە ئاماژەی بەوەشکرد، قەستەرەی دڵ لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدایە، بەڵام نەشتەرگەرییەکانی قەستەرەی مێشک و دڵ تەنیا لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکرێن و لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەردەست نین.
 
د. شەوکەت ساڵح هۆکاری بەردەستنەبوونی ئەو خزمەتگوزارییەی لە نەخۆشخانە حکومییەکان بۆ گرانیی نرخی تەکنەلۆژیاکەی گەڕاندەوە و گوتی، "ئاستەنگییەکان تەنیا تەکنەلۆژیایین، چونکە تەکنەلۆژیاکە زۆر گرانە و ناتوانین بە ئاسانی بەدەستی بهێنین."