پسپۆڕێک هۆشداریدەدات: کەمخەوی توانای سێکسی لاوازدەکات

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو ئاشکرای دەکات، کەمخەوی توانای سێکسی لاوازدەکات، چونکە کەسانی کەمخەو ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیڕۆنیان کەمترە بەراورد بەوانەی خەویان رێکە و تێرخەون، هاوکات لەبارەی قەڵەویشەوە نهێنییەک رووندەکاتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 22ـی شوباتی 2024 لە کۆلێژی زانستی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر وۆرکشۆپێکی تایبەت بە خەو و لێکەوتەکانی کەمخەوی پێشکێشکرا، د. خاڵس بیلال، پسپۆڕی هەناو و یەکێک لە قسەکەرەکانی وۆرکشۆپەکە گوتی، 30٪ بۆ 40٪ـی هاووڵاتییانی جیهان کەمخەون و ئەم رێژەیە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر زیاترە.
 
د. خاڵس بیلال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو بە رووداوی گوت، یەکێک لە کاریگەرییە لاوەکییە درێژخایێنەکانی کەمخەوی بریتییە لە لاوازبوونی توانای سێکسی، چونکە وادەکات کەمتر هۆرمۆنی تێستۆستیڕۆن دەربدرێت و تەنانەت چالاکیی کۆئەندامی زاوزێی پیاوانیش کەمدەکاتەوە.
 
لە بارەی پەیوەندیی نێوان خەو و قەڵەوی د. خاڵس دەڵێت: ''کەمخەوی وادەکات هۆرمۆنی گریلین کە هۆرمۆنی هەستکردنە بە برسیبوون زیاددەبێت، بەمەش کەسەکە ئارەزووی خواردنی زیاددەبێت و چالاکیشی کەمدەبێتەوە''، تەنانەت دەشڵێت: کەسانی کەمخەو زیاتر ئارەزووی شیرینییەکان دەکەن.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕەی هەناو ئاماژە بە جەلی و دەنکۆڵەکانی خەو دەکات و دەڵێت: ئەگەر بە رێژەیەکی زۆر بەکاربهێندرێن ئەوا گەشەی منداڵ دوادەخەن و باشترە لەژێر راوێژی پزیشکدا بەکاربێن.
 
هەر لەنێو وۆرکشۆپەکەدا د. نەسرەو مستەفا، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لەبارەی نیشانەی ناڕێکییە دەروونییەکانی کەمخەوی ئاماژەی بە هەریەک لە 'لاوازیی سەرنج، لەبیرچوونەوە، بێهێزیی، بێزاری، وەڕەسی و دڵەڕاوکێ' دەکات و بە لێکەوتەکانی کەمخەویی بەردەوام پۆلێنیان دەکات.
 
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییە دەروونییەکان پێشنیازدەکات، بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان پێش خەوتن کەمبکرێنەوە، چونکە کوالێتیی خەو کەمدەکاتەوە و ئەگەری خەوزڕانیش زیاددەکات.
 
پڕۆفیسۆر عەبدولکەریم یاسین، راگری کۆلێژی زانستی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر لەبارەی وۆرکشۆپەکەوە گوتی، بەهۆی ئەوەی کە چەند بەشێکی پزیشکی لەنێو کۆلێژەکەیان هەیە، بەباشیان زانیوە کە کێشەیەکی باو لەنێو خەڵک بۆ خوێندکارانیان بخەنەڕوو، تاوەکو لەڕێگەی پسپۆڕانەوە رێنوێنییە تەندروستییەکان بگوازنەوە و بتوانن خوێندکاری چالاک لە بواری هۆشیاریی تەندروستی پێبگەیێنن.