تەندروستیی کەرکووک: 14 تۆن مەی قاچاخ و بەسەرچوو لەنێوبران

 
رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیی کەرکووک رایدەگەیێنێت، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر مادەی کحولیی جۆراوجۆردا گرتووە، کە بەشێکیان بەسەرچوو بوون و بە قاچاخ هێندرابوونە نێو شارەکە، دواتریش لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە لەنێوبران.
 
مۆفەق عەزیز، سەرۆکی بەشی سامپڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە 22-02-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە، نزیکەی 14 تۆن مادەی کحولی لەنێوبران، کە پێکهاتبوون لە 1400 کارتۆن بیرەی قوتوو و ئارەقی شووشە."
 
سەبارەت بە هۆکاری لەنێوبردنی ئەو بڕە زۆرەی کحولەکە، مۆفەق عەزیز ئاماژەی بەوە کرد، بەشێکیان ماوەی بەکارهێنانیان بەسەرچووبوو، جگە لەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی هێندرابوونە نێو پارێزگاکە.
 
کحولەکە پێشتر لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە دەستی بەسەردا گیرابوو. وەکو بەرپرسەکەی تەندروستی باسیکرد، "ئەو مادانە بە سێ بارهەڵگر و بە رێگەی قاچاخ هەوڵدرابوو بهێندرێنە نێو کەرکووک، دوای دەستبەسەرداگرتنیان لەلایەن سوپاوە، رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی کران، بۆئەوەی بەپێی رێکارە یاسایی و تەندروستییەکان لەنێوببرێن."