کواڵیتیی هەوای نێو ماڵ رۆڵێکی سەرەکی لە نیشانەکانی رەبۆی گەورەساڵاندا هەیە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات بەکارهێنانی پانکە، پاککەرەوەی هەوا و سیستمی هەواگۆڕکێ، بەتایبەتی لە چێشتخانە و گەرماوەکاندا، یەکێکە لە باشترین رێگەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە رەبۆ لە ماڵەوە.
 
توێژیەنەوەکە لە زانکۆی تەکساس لە ئەمریکا لەسەر هەزار و 600 کەسی پێگەیشتووی تووشبوو بە رەبۆی کراوە و دەرکەوتووە کە دوو هۆکاری سەرەکی وروژاندنی رەبۆ لە ماڵەوە بریتین لە نەبوونی پانکەی هەواکێشان لە چێشتخانە و گەرماودا و جگەرەکێشان لەنێو ماڵدا.
 
توێژینەوەکە سێ ستراتیژی پێشنیاز کردووە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی رەبۆ ئەویش بە پێدانی یارمەتی بۆ کڕینی پاککەرەوەی هەوای گەورە و باشترکردنی سیستمی هەواگۆڕکێی ماڵان بۆ خێزانە کەم دەرامەتەکان، ناچارکردنی خاوەن موڵکەکان بە دابینکردنی هەوایەکی تەندروست و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەواگۆڕکێ و نەخۆشەکان فێربکرێن چۆن هۆکارە وروژێنەرەکانی رەبۆ (وەک تۆز و کەڕوو) لە ماڵەکانیاندا نەهێڵن.
 
د. ئەلێکساندەر ئۆبێنگ سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت " ئەو کەسانەی لە ماڵێکدا دەژین کە کێشەی کەڕوو، مشک، جرج و ئاژەڵی ماڵی توکداریان نییە، کێشەی رەبۆیان کەمترە."