توێژینەوەیەک: گەشەکردنی منداڵی ڤێگان و ڤێجیتێریان ئاساییە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی بێن گوریۆن و بەشی خۆراکزانی لە وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل دەریدەخات، ئەو منداڵە کۆرپانەی کە پەیڕەوی رێژیمی خۆراکیی ڤێگان و ڤێجیتێریانن لەڕووی گەشەکردنەوە هیچ کێشەیەکیان نەبووە، بەراورد بەو منداڵانەی بە شێوەیەکی ئاسایی خۆراکیان پێدراوە.
توێژینەوەکە لەسەر یەک ملیۆن و 200 هەزار کۆرپە کراوە و دکتۆر کەریم ئەڤیتال، توێژەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: رژێمی خۆراکیی رووەکی گەشەی منداڵ تێکنادات.
هەرچەندە بەراوردکارییەکیش کراوە لەنێوان ئەو کۆرپانەی کە خێزانەکانیان پەیڕەوی خۆراکیی ڤێگانن و ئەوانەشی کە ڤێجیتێریانن؛ دەرکەوتووە ئەو کۆرپانەی کە دایکیان پەیڕەوی خۆراکیی ڤێگانن کێشیان کەمتر بووە بەراورد بەوانەی دایکیان پەیڕەوی خۆراکیی ڤێجیتێریانن.
منداڵی رێژیمی خۆراکیی ڤێگان (رووەکخۆر)؛ ئەوانەن کە هەموو خۆراکێکیان دەدرێتێ جگە لە (بەروبوومە ئاژەڵییەکان و جۆرە جیاوازەکانی گۆشت و هەنگوین)، هەروەها جەخت لە پێدانی خۆراکە رووەکییەکان و سەوزە و میوەکان دەکرێت. یاخود ئەو خۆراکانەی پێدەدرێت کە دانەوێڵەیین.
منداڵی رێژیمی خۆراکیی ڤێجیتێریان ئەوانە دەگرێتەوە کە لە شەش مانگییەوە تاوەکو تەمەنی دوو ساڵی لە خۆراکەکانیان (گۆشت، مریشک و ماسی) نەبێت، بەڵکو پشت بە بەروبوومە ئاژەڵییەکان ببەستێت وەکو ماست، هێلکە و شیر. پاشانیش ئەو خۆراکانەی بدرێتێ کە رووەکین و سەوزە و میوەکانیش لەگەڵ چەرەسەکان بەشێکیانن کە دەوڵەمەندن بە مادەی ئاسن و ڤیتامین B.