پسپۆڕێکی دەروونی: نابێت بەڕۆژووبوون بکرێتە بیانوو بۆ تووڕەبوون
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان رایدەگەیێنێت، تووڕەبوون کاردانەوەیەکە بەرامبەر ئەو رووداوانەی لە چواردەورمان روودەدەن و برسیەتی یەکێکە لە هۆکارەکانی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-2-2026 د. ئازاد خۆشناو، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، مادەکانی وەک نێرگەلە، جگەرە و کافاین کە چالاککەری مێشکن، کاتێک مرۆڤ لێیان دووردەکەوێتەوە، هەست بە دابڕان دەکات ئەمەش لە ماوەی بەڕۆژووبووندا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سەرنج و ئەگەری بڕیاردانی هەڵە.
ئەو پسپۆڕە دەروونییە ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرجار مرۆڤ هەوڵدەدات هۆکارێک بۆ هەڵەکانی بدۆزێتەوە کە پەیوەندیی بە خۆیەوە نەبێت، ئەمەش بەشێکە لە بەرگریی ناتەندروست.
د. ئازاد خۆشناو گوتی "ناکرێت بەڕۆژووبوون بکرێتە بیانوو بۆ تووڕەبوون و ئەنجامدانی کاری تووندوتیژی."
د. ئازاد خۆشناو روونیکردەوە کە حاڵەتەکانی تووڕەبوون زۆرن بەتایبەتی لە کەسانی بەتەمەن، پێشنیازی کرد کە پێویستە کەسانی نزیکی ئەو کەسانە، دوای رۆژووشکاندن بەبیریان بهێننەوە کە حاڵەتی تووڕەبوونیان هەبووە، بۆ ئەوەی ئاگاداری رەفتارەکانیان بن.