بەرپرسێکی تەندروستیی هەولێر: زۆرێک لە بەکتریاکانی هەوکردنی میزەڕۆ دەرمان کاریان تێناکات

رووداو - تەندروستی

بەرپرسی بەشی بەرگریی بەکتریاکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ئاشکرای دەکات، زۆرێک لە بەکتریاکانی هەوکردنی میزەڕۆ دەرمان کاریان تێناکات و لە دوو ساڵی رابردوودا 7٪ تووشبووانی بەهێزبوونی بەکتریاکان لە پیاواندا زیادبوون.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 22-4-2025 د. موئەیەد ئەحمەد، پسپۆڕی مایکڕۆبایۆلۆژی و بەرپرسی بەشی بەرگریی بەکتریاکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، پار لە هەولێر 66٪ـی خانمانی نەخۆش، تووشی بەهێزبوونی بەکتریاکان بوون.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی تەندروستیی هەولێر کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، زۆرترین رێژەی بەهێزبوونی بەکتریاکان لەنێو نموونەی ئەو نەخۆشانە دۆزراوەتەوە کە لەڕێگەی میز پشکنینیان بۆ کراوە، کە لە ساڵی 2023 رێژەی دۆزینەوەی بەکتریا بەهێزەکان 46.5٪ بووە بەڵام لە ساڵی 2024 بەرز بۆتەوە بۆ 48٪.
 
دکتۆر موئەیەد ئەحمەد، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی لە تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، زۆرترین بەهێزبوونی بەکتریا دژی دەرمانەکان لەو بەکتریایانە دۆزراونەتەوە کە دەبنەهۆی هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ و کۆئەندامی زاوزێ و کۆئەندامی هەناسەدان.
 
دکتۆر موئەیەد ئەحمەد دەڵێت: رێژەی بەهێزبوونی بەکتریاکان لەنێو هەوکردنەکانی پیاواندا زیادیکردووە و لە ماوەی دوو ساڵدا 7٪ رێژەکە بەرزبووەتەوە، کە لە ساڵی 2023دا 27.3٪ بووە، بەڵام لە 2024 بووە بە 34٪.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی تەندروستیی هەولێر کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، رێژەی بەهێزبوونی بەکتریاکان بەگوێرەی وەرگرتنی نموونەی جیاواز لە نەخۆشەکانی نەخۆشخانەکانی هەولێر بەم شێوەیە بووە و رێژەکە بەرزبووەتەوە؛ 
 
- نموونەی میز لە 2023؛ 46.5٪ بووە بەڵام لە 2024؛ بووە بە 48٪.
- نموونە لە کۆئەندامی زاوزێ لە 2023؛ 31.2٪ بووە بەڵام لە 2024؛ بووە بە 20.7٪.
- نموونەی کۆئەندامی هەناسە لە 2023؛ 8.6٪ بووە بەڵام لە 2024؛ بووە بە 14.7٪.
- نموونەی خوێن لە 2023؛ 4.1٪ بووە بەڵام لە 2024؛ بووە بە 5٪.
- نموونەی پیسایی لە 2023؛ 1.4٪ بووە بەڵام لە 2024؛ بووە بە 2٪.
- نموونەی بەشەکانی دیکەی جەستە لە 2023؛ 8.2٪ بووە بەڵام لە 2024؛ بووە بە 9.6٪.