پسپۆڕێک: بەشێکی زۆری ئەوانەی لە چاودێریی چڕن، تووشی بەهێزبوونی بەکتریاکان بوون

رووداو - تەندروستی

لە بڕگەیەکی مەیدانیدا کە دکتۆر لونا خالید پێشکێشی کرد، دوو پسپۆڕ لە نێو نەخۆشخانەی شار میوانن و هەردووکیان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەگەر پێدانی دەرمان کۆنتڕۆڵ نەکرێت، ئەوا ''کارەسات'' دروست دەبێت و ئیدی دەرمانەکان کاریگەرییان نامێنێت بۆ چاکبوونەوەی نەخۆش.
 
د. گۆران هەورامی، پسپۆڕی هەناو و سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی شار دەڵێت: ئەگەر نەخۆش زۆر دژەبەکتریاکان بەکاربهێنێت، تووشی بەهێزبوونی بەکتریاکان دەبێت، هەروەها دەشڵێت، ''پێویستە پێش نووسینی دژەبەکتریا، جۆری بەکتریاکە دەستنیشان بکرێت''.
 
ئەو پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، ئاسان دەستکەوتنی دەرمان، هۆکارێکی زۆربەکارهێنان و هەڵەبەکارهێنانی دەرمانە.
 
د. سەفین عوسمان، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی و نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەی شار گوتی، خەڵک بە هەڕەمەکی دژەبەکتریاکان بەکاردەهێنن و وەزارەتی تەندروستی هەنگاو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەهێزبوونی بەکتریاکان بگرێتەبەر.
 
د. سەفین عوسمان دەڵێت: بەشێکی زۆری ئەوانەی لە چاودێریی چڕن، تووشی بەهێزبوونی بەکتریاکان بوون و هەر کەسێک تووشی بەهێزبوونی بەکتریاکان ببێت، دەرمانەکان چاکی ناکاتەوە.
 
لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات، ترسناکە لەخۆڕا دەرمانی دژەبەکتریاکان بخورێت و دەشێت بەکتریا بەهێزەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێنەوە.