سەلمان خان: گیرۆدەی سێ نەخۆشیی مەترسیدارم
رووداو - تەندروستی
سەلمان خان، ئەکتەری هیندی لەم چەند رۆژە ئاشکرای کرد، گیرۆدەی سێ نەخۆشیی مەترسیدارە و تەواو بێهێزیان کردووە.
ئەو ئەکتەرە تەمەن 59 ساڵە لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند، نەخۆشیی 'ئاوسان و تەقینی خوێنبەری مێشک، ناڕێکیی لوولەکانی خوێن و ئازاری درێژخایەنی دەماری' هەیە.
ئەوەشی گوت، تواناکانی بۆ بەرگەگرتن لە نەخۆشییەکانی کەمبوونەتەوە و چیدیکە ناتوانێت بەرگەیان بگرێت.
سەلمان خان، ناوی تەواوی عەبدولڕەشید سەلیم سەلمان خانە، لە 27ـی کانوونی دووەمی 1965 لە هیندستان لەدایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری تەلەڤزیۆنییە، زیاتر لە 30 ساڵە لە بواری سینەمادا کاردەکات و بەهۆیەوە چەندین خەڵاتی سینەمایی وەرگرتووە.
پێشگیریکردن لە ئاوسان و تەقینی خوێنبەری مێشک Cerebral aneurysm
بەپێی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی ئەمریکا؛ 'دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە، نەخواردنەوەی کحول، کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن و شەکرە و پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست'. رێگەکانن.
پێشگیریکردن لە ناڕێکیی لوولەکانی خوێن Arteriovenous malformation
بەپێی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشییەکان؛ 'کێشڕێکی، کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن، پشکنینی پێشوەختە، رێک بەکارهێنانی دەرمانەکانی بەرزەپەستانی خوێن و دوورکەوتنەوە لە کحول' رێگەکانن.
ئازاری درێژخایەنی دەماری Trigeminal neuralgia
بەپێی مایۆکلینیک؛ 'دەستشووشتنی بەردەوام، کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی، پارێزگاریکردن لە مێشک لە پێکان، کێشڕێکی، کۆنتڕۆڵکردن و پشکنینی پێشوەختەی پەستانی خوێن و پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست'.