WHO: تاوەکو 25 ساڵی دیکە ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییەکانی مێشک دەگاتە 5 ملیار کەس
رووداو - تەندروستی
هەموو ساڵێک لە رۆژی 22ـی تەمموزدا رۆژی جیهانی مێشک بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و رێگەکانی پاراستنی تەندروستیی مێشک، بەرز رادەگیرێت و بەپێی دامەزراوەی مێشک لە ئەمریکا، لە ساڵی 2021دا نزیکەی 3.4 ملیار کەس نەخۆشییەکانی مێشکیان هەبووە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش رایگەیاند، ساڵی رابردوو لە سێ کەس یەکێکیان گیرۆدەی نەخۆشییە دەمارییەکان بووە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریدەخات، تاوەکو 25 ساڵی دیکە ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییەکانی مێشک 22٪ بەرز دەبێتەوە و دەگاتە نزیکە 5 ملیار کەس، شێوازی ژیانی ناتەندروستیش بە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە دەزانێت.
دامەزراوەی ئەڵزهایمەری جیهانی ئاشکرای دەکات، ئێستا نزیکەی ملیۆنێک تووشبووی نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە هەن تاوەکو 10 ساڵی دیکە ژمارەکە بۆ 1.5 ملیۆن تووشبوو بەرز دەبێتەوە.
د. عەبدوڵڵا فەقێ، پسپۆڕ و راوێژکاری نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار بە رووداوی راگەیاند، گەشکە، جەڵتەی مێشک و لەبیرچوونەوە باوترین نەخۆشی و کێشەکانی مێشکن لە هەرێمی کوردستان.
د. عەبدوڵڵا فەقێ ئەوەی گوت، لە هەرێمی کوردستان ئامارێکی ورد نییە کە تووشبووانی لەبیرچوونەوە بەتایبەتیش نەخۆشیی ئەڵزهایمەر دەربخات، هەر بۆیە گوتیشی، ئەگەر ژمارەیەک هەبێت، ئەوا تووشبووان زۆر لەوە زیاترن.
ریزبەندیی زۆرترین رێژەی مردن بە لەبیرچوونەوە لەنێو وڵاتان
- فینلاند 54.6 تووشبوو لە 100 هەزار کەس
- بەریتانیا 42.7 تووشبوو لە 100 هەزار کەس
- سلۆڤاکیا 38.1 تووشبوو لە 100 هەزار کەس
- ئەلبانیا 36.9 تووشبوو لە 100 هەزار کەس
- ئایسلاند 35.6 تووشبوو لە 100 هەزار کەس
- عێراق 19.8 تووشبوو لە 100 هەزار کەس