پسپۆڕێک: رێژیمی کیتۆ بریتینییە لە خواردنی دووگ، بەز، زبدە، کەرە و گۆشتی سوور

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان رایدەگەیێنێت، لە رێژیمی کیتۆدا پێویستە نزیکەی 75٪ـی خۆراکەکان چەوری بن، بەڵام دەبێت چەوریی 'زەیتی زەیتوون، ماسی، ئاڤۆکادۆ، گوێز، بادەم، پەنیر، ماست و شیر' بن بە مامناوەندیش بخورێن.
 
د. یوسف بەهائەدین خەتی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر رێژیمی کیتۆ بریتیبێت لە دووگ، بەز، زبدە، کەرە، گۆشتی سوور، رۆنی پەیت و گۆشتە زیادبرژاوەکان ئەوا کەسەکە بە هەڵە لە رێژیمەکە گەیشتووە.
 
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، لە زانستی پزیشکیدا لە دوو باردا باسی کیتۆنەکان دەکرێن؛

1- لەکاتی برسێتیدا کاتێک مرۆڤ مان دەگرێت لە خواردن بۆ چەند رۆژێک، ئەوا جەستە خۆی دەخواتەوە و چەورییەکانی خۆی وەکو سەرچاوەی وزە بۆ کردارە زیندەییەکان بەکاردەهێنێرێن. ئەمە کیتۆنی برسێتییە.
 
2- کاتێک لەهۆشخۆچوونی شەکرە روودەدات، واتا جەستەی نەخۆشەکە ئەنسۆلینی نییە و جەستە ناتوانێت ئەو شەکرە زۆرە وەکو سەرچاوەی وزە بەکاربهێنێت، جێگرەوەکەی چەوری دەبێت و دیسان کیتۆن بەرهەمدێت. ئەمە کیتۆنی شەکرەیە.
 
ئەو خۆراکانەی لە رێژیمی کیتۆ دەبێت بخورێن، چین؟
 
- نزیکەی 75٪ـی خۆراکەکان چەوری دەبن، بەڵام دەبێت چەوریی 'زەیتی زەیتوون، ماسی، ئاڤۆکادۆ، گوێز، بادەم، پەنیر، ماست و شیر' بن بە مامناوەندیش بخورێن.
 
- نزیکەی 20٪ـی خۆراکەکان پڕۆتینی بن وەکو 'هێلکە، ماسی، گۆشتی بەرخ و مەڕ و گۆشتی مریشک.
 
- نزیکەی 5٪ بۆ 10٪ خۆراکە کاربۆهیدرایتییەکان بن وەکو 'شەکر، شیرینییەکان، نان، برنج، مەعکەرۆنی، میوەکان...'
 
د. یوسف بەهائەدین خەتی دەڵێت: کیتۆ رێژیمێکی خۆراکی نوێیە و توێژینەوەکان بەردەوامن لە دەرخستنی سوودەکانی، بەمەرجێک بە راستی و دروستی بەکاربێت، هاوکات دەشڵێت، ''بەڕاستی سوودە کورتخایەنەکانی ئاشکرا بۆ شەکرە و قەڵەوی، بەڵام کاریگەریی درێژخایەنی هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە''.