ناوەندێکی کواڵیتیی هەوا لە ئێران: لەم مانگەدا زۆرترین ئاستی تیشکی UVـی زیانبەخش تۆمار کراوە
رووداو - تەندروستی
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کواڵیتیی هەوا لە زانکۆی پزیشكیی شەهید بەهەشتی لە ئێران دەریدەخات، لە مانگی حوزەیران تاوەکو مانگی ئەیلوول زۆرترین تیشکی سەروو وەنەوشەیی UV لە ئێران و وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تۆمار دەکرێت.
جێگری سەرۆکی ناوەندەکە رایدەگەیێنێت، لەنێوان کاژێر 11ـی بەیانی تاوەکو 4ـی ئێوارە لە ئێران، بەرزترین ئاستی تیشکی سەروو وەنەوشەیی تۆمار کراوە کە دەگاتە 12.
د. عەباس شاهسوونی، جێگری سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کواڵیتیی هەوا لە زانکۆی شەهید بەهەشتی لە ئێران دەڵێت: بەرکەوتنی درێژخایەن بە تیشکی سەروو وەنەوشەویی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست، پیربوونی پێشوەختە و لاوازیی سیستمی بەرگریی جەستە زیاد دەکات.
هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، لەکاتی چوونە دەرەوە ئەمانە بەکاربێن؛
- دژەخۆر
- چاویلکە و کڵاو
- جلوبەرگی قۆڵدرێژ
- جلوبەرگی رەنگکاڵ
- مانەوە لەبەر سێبەر