نەخۆشنامە؛ چیرۆکی نەخۆشییەکی مەترسیداری چاو لە منداڵێکی ناکام

رووداو - تەندروستی

چیرۆکی ئەمجارەی نەخۆشنامە هی منداڵێکی ناکامە کە بەبێ ئەوەی دایک و باوکی زانیبێتیان، لەناکاو بە پشكنینی پزیشکێکی پسپۆڕ، زانراوە کە بینایی تەواو نییە، منداڵەکە و دایکەکەی لەنێو ستۆدیۆی رادیۆی رووداون و دایکەکە گوتی، دوای لەدایکبوون لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد بووە و ئینجا خراوەتە نێو شووشە.
 
د. کارزان نەبی، پسپۆڕی وردی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو میوانی پۆدکاستەکەیە و دەڵێت: ئەو منداڵانەی کە بە ناکامی لەدایکدەبن واتا بە کەمتر لە 38 هەفتە لەدایکدەبن، پێویستە دوای ئەوەی دەبنە یەک مانگ، پشکنینی چاویان بۆ بکرێت.
 
بەگوتەی د. کارزان نەبی، دایک و باوک نازانن کە ناڕێکیی لە چاوی منداڵە تازەلەدایکبووەکەیان هەیە، تەنیا بە پشکنین لای پزیشکی پسپۆڕ دەستنیشاندەکرێت.
 
چیمەن دایکی منداڵەکەیە و دەڵێت: لە نەخۆشخانەی راپەڕینی منداڵان لە هەولێر پێی گوتراوە کە منداڵەکەی کێشەی چاوی هەیە، ئیدی بردوویانە بۆ لای د. کارزان و ئەویش چارەسەرێکی بۆ کردووە؛ د. کارزان گوتی، ئێستا دۆخی زۆر باشە و توانراوە بە زوویی حاڵەتەکەی دەستنیشان بکرێت.
 
ئەو منداڵە ئێستا شەش مانگە، دایکی دەڵێت: ''پێویستە هەموو دایک و باوکێک بایەخ بە پشکنینی چاوی منداڵەکەیان بدەن''.