لەتیف رەشید: عێراق پابەندی رێگەچارەکانی وڵاتانی جیهان بۆ پرسی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێت

رووداو - تەندروستی 

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایدەگەیێنێت، گۆڕانی کەشوهەوا مەترسییەکی جیدییە و بەبێ جیاوازی هەمووان دەگرێتەوە، تەنانەت ئەوەش باسدەکات کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە کەمبوونەوە و پیسبوونی ئاویشەوە هەیە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024 لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی  گۆڕانی کەشوهەوا کە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت گوتی، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر جیهان کردووە و سەرچاوە ئاوییەکانی کەمکردووەتەوە، بەمەش بڵاوبوونەوەی نەخۆشی زیاددەبێت.
 
تەنانەت جەختیشی لەوەکردەوە کە پێویستە سەرجەم بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە و بڕیارەکانی کۆنفرانسی COP بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا لە عێراق جێبەجێبکرێن.
 
لە بەشێکی قسەکانیشیدا گوتی، عێراق پابەندە بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشەکانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەڕان بەدوای چارەسەری بەردەوام و کاریگەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا.
 
کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تایبەت بە گۆڕانەکانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی تەندروستی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 22ـی ئەیلوول دەستی پێکردووە و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر جەستە ئەمانەن؛
 
- هەوکردنی سییەکان 
- نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن 
- لەبارچوونی منداڵ  
- پێنەگەیشتنی سییەکانی کۆرپە 
- هەستیاری
- لاوازبوونی توانای سێکسی 
- نەخۆشییەکانی گورچیلە 
- نەخۆشییەکانی جگەر  
- مردنی لەناکاو  
- شێرپەنجە
 
کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر دەروون ئەمانەن؛
 
- گوشار و شڵەژانی دەروونی 
- دڵەڕاوکێ 
- لەبیرچوونەوە 
- خەمۆکی