کچێکی 12 ساڵان بەهۆی کێشانی ڤەیپەوە تووشی پەککەوتنی سییەکانی دەبێت
رووداو - تەندروستی
کچێکی تەمەن 12 ساڵانی بەریتانی دوای ئەوەی لەسەر کێشانی ڤەیپ بەردەوامدەبێت، رەوانەی چاودێریی چڕ دەکرێت، دایکی کچەکە دەڵێت: ''بەهۆی هاوڕێوە کچەکەم فێری کێشانی ڤەیپ بوو''.
سارا گریفن، کچێکی تەمەن 12 ساڵی دانیشتووی بەریتانیایە و سییەکانی بەهۆی کێشانی ڤەیپەوە لەکارکەوتوون، بۆیە چوار رۆژ لە چاودێریی چڕ دەخەوێندرێت.
سارا دوای ئەوەی دەگەیێندرێتە نەخۆشخانەی رۆیاڵ ڤیکتۆریای لەندەن پزیشکان رایدەگەیێنن کە دووچاری پەککەوتنی سییەکانی بووە و یەکێک لە سییەکانی بە تووندی تووشی هەوکردن بووە.
بە گوتەی ماری، دایکی سارا، کچەکەی لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە بە نهێنی ڤەیپی بەکارهێناوە و پێیان نەزانیوە، هەروەها دەشڵێت: هاوڕێی خراپ کچەکەی فێری کێشانی ڤەیپ کردووە.
سارا دەڵێت: کاتێک تەمەنم 9 ساڵان بوو لەگەڵ خوشکەکەم و هاوڕێکەی چووینە دەرەوە، لەوکاتەدا هاوڕێی خوشکەکەم ڤەیپەکەی هێنا و گوتی تاقی بکەرەوە، منیش تاقیم کردەوە و لەو کاتەوە فێری ڤەیپ بووم.
تەنانەت سارا دەشڵێت: تەنیا لە ماوەی چەند رۆژێک، نزیکەی 4 هەزار مژ ڤەیپی کێشاوە، هەر بۆیە لە ناکاو باری تەندروستیی تێکدەچێت و تووشی هەناسەتەنگی و کۆکە دەبێت، پاش گەیشتنی بە نەخۆشخانە پزیشکان بڕیاردەدەن کە لە چاودێریی چڕ بخەوێندرێت.