لێکۆڵینەوەیەک: پیاوان بەراورد بە خانمان لەگەڵ بەساڵداچووندا خێراتر مێشکیان دەپووکێتەوە
رووداو - تەندروستی
لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری موژدە بە خانمان دەدات لەوەی، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیاندا مێشکیان کەمتر بچووک دەبێتەوە بەراورد بە پیاوان.
لەنێو لێکۆڵینەوەکەدا پشکنینی تیشکی MRI بۆ چوار هەزار و 726 کەس لەماوەی سێ ساڵدا کرا و دەرکەوت، بەپێی هەڵکشانی تەمەن، پیاوان زۆرترین خانەی مێشکیان دەپووکێتەوە، بەڵام ئەمە لە خانماندا خاو و کەمترە.
ئان راڤندال، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە زانکۆ ئۆسلۆ دەڵێت: رێژەی نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە لەنێو پیاواندا زۆرە و دەشێت ئەمە رێخۆشکەر بێت.
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەدەکات، ئەگەر مرۆڤ شێوازی ژیانی تەندروستی هەبێت، ئەوا هەم توانا جەستەییەکانی و هەمیشە توانا دەروونییەکانی باشتر دەبن و هەر بە دروستی دەمێننەوە.
بە پێی WHO ئامانەی خوارەوە شێوازی ژیانی تەندروستن؛
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون