بەڕێوەبەری نەخۆشخانە نوێیەکەی ئامێدی: هەموو کارمەندەکانمان گرێبەستن
رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەی شۆرەش - هێتیت لە شیلادزێ کردەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش رایدەگەیێنێت، بەهۆی نەخۆشخانەکەوە چیدیکە دانیشتووانی دەڤەری ئامێری پێویست ناکات بچنە هەولێر و دهۆک بۆ چارەسەر.
نەخۆشخانەکە لە 100 قەرەوێڵە و چوار نهۆم و 6 هۆڵی نەشتەرگەری پێکدێت و ئەمڕۆ چوارشەممە 22-10-2025 د. عەگید ئامێدی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆرەش - هێتیت لە شیلادزێ لە بووڵتەنی کاژێر 13:00 بەشداربوو و رایگەیاند، پسپۆڕی وردی بۆ دابینکراوە و ئامێر و پێداویستییەکانیش بەردەستن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە چاودێریی نەخۆش بکەن.
د. عەگید ئامێدی دەڵێت: نەخۆشخانەکە لە سنووری قەزای ئامێدییە و لە ناوچەکانی کۆتایی سۆرانەوە تاوەکو بامەڕنێ دەتوانن سوود لە نەخۆشخانەکە ببینن.
لەبارەی کارمەندی نەخۆشخانەکەوە ئاشكرای کرد، هەموویان گرێبەستن و نوێش دەبنەوە، کۆمەڵێک کارمەندی دیکەش لە نەخۆشخانەکانی دهۆکەوە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شۆرەش - هێتیت.
لە بارەی بوودجەکەی د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک دەڵێت، نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی شۆرەش - هێتیت بە گوژمەی 43 ملیۆن دۆلار دروستکراوە و هەموو ئامێر و پێداویستییەکی پزیشکیی پێشکەوتووی بۆ دابین کراوە.
وارشین سەلمان، قائیمقامی ئامێدیش بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، هەموو ئامادەکاریەک بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەییەکەی شۆرەش – هێتیت لە کۆمەڵگای هێتیت لە سنووری قەزای ئامێدی کراوە، هەموو ئامێر و پێدایستییەکان و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بۆ دابینکراوە.